پەرتوکەکەی باڵدار نیو سەدە منداڵی فێری خوێندنەوە و نووسین کرد

ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیبراهیم ئەمین باڵدار، دانەری(ئەلف و بێی نوێ)ی کوردیی، تێپەڕدەبێت، کە نیو سەدە لە خوێندنگاکاندا دەخوێندرا، لەگەڵ ئەوەی٢٠ ساڵە ئەلف و بێ کەی لە پرۆگرامی خوێندن لابراوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە مامۆستایان بۆچوونیان وایە کە پرۆگرامەکەی باڵدارسەرکەوتوو ترە لەوەی ئێستا دەخوێندرێت.


پاش نیوسەدە لە خزمەتکردن بە فێرکردنی منداڵانی کورد، پەرتوکی(ئەلف و بێی نوێ)ی کوردیی، ئیبراھیم ئەمین باڵدار، لەساڵی ١٩٩٩دا گۆڕانکاریی بەسەردا هات و لە ساڵی ١٩٩٩ کتێبێکی نوێ لە سەر دەستی عەبدوڵا محەمەد ئەمین دانرا، پاشان ئەو کتێبەش گۆڕدرا و لەلایەن لیژنەیەکی ١٩ کەسی کتێبێکی نوێ دانرا، کە ئێستا وەک پرۆگرامی خوێندنی پۆلی یەکی بنەڕەتی دەخوێندرێت، ڕۆژنیوز لە یادی ٢١ ساڵەی کۆچی دوایی ئیبراهیم ئەمین باڵدار، گوزەرێک بەناو ژیانی باڵداردا دەکات و بۆچوونی مامۆستایان لە بارەی (ئەلف و بێ)ی کوردی دەخاتە ڕوو.

ئیبراھیم ئەمین باڵدار، لە ساڵی ١٩٢٠ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و قۆناغی سەرەتایی لەو شارە بووە، دواتر لە بەغدا لە ساڵی ١٩٤٠ لە خوێندنگەی ماڵی مامۆستایانی لادێ خوێندنی تەواو کردووە، هەمان ساڵیش بووە بە مامۆستا لە خوێندنگای گوندی جاسەنە لە پارێزگای سلێمانی و هەر لەوێشەوە هەوڵەکانی بۆ دانانی ئەلف و بێ دەستپێکردووە.

ئیبراهیم ئەمین باڵدار، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی دواجار لە ساڵی ١٩٤٩بۆ١٩٥٠، کتێبی(ئەلف و بێی نوێ)ی کوردیی دانا، کە پێکهاتووە لە ٥٦ وانە و هەر وانەیەک نزیکەی ١٥ وشە لەخۆ دەگرێت، دوای پەسەندکردنی لە لایەن لیژنەی پسپۆڕ وڕێکخراوی یونسکۆ و پەروەردەی شاری بەغداوە، (ئەلف و بێی نوێ)یەکەی باڵدار چاپکراو بووە یەکەم کتێبی کوردیی بۆ فێرکردنی منداڵانی باشوری کوردستان و نزیکەی ٥٠ ساڵ لە خوێندنگاکاندا ئەو ئەلف و بێیە دەوترایەوە.

باڵدارلە دوای کتێبی (ئەلف و بێینوێ)ی کوردیی ئەلفوبێی بۆ گەورانیش داناوە و هەروەها کتێبێکیشیی بەناوی (الابنیە المدرسیە للمدارس الابتدائیە) داناوە.

ئیبراهیم ئەمین باڵدار، لەڕۆژی ١٢ی تەموزی ١٩٩٨دا لە بەغدا کۆچی دواییکرد و دواتر تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ سلێمانی و لە گردی سەیوان بە خاک سپێردراوە.

پەرتووکی ئەلف و بێی کوردیی، لە ساڵی ١٩٩٩ گۆڕانکاریی بە سەردا هات و پەرتوکێکی نوێ لە سەر دەستی عەبدوڵا محەمەد ئەمین، بەناوی (ئەلفبێ)دانرا، ، پاشان ئەو کتێبەش گۆڕدرا و لەلایەن لیژنەیەکی ١٩ کەسی کتێبێکی نوێبە ناوی (خوێندنی کوردی)دانرا، کە ئێستا وەک پرۆگرامی خوێندنی پۆلی یەکی بنەڕەتی دەخوێندرێت.

لە ئێستادا مامۆستایان تاڕادەیەک بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون بەشێکیان لەگەڵ ئەوەن (ئەلف و بێ)کەی باڵدار باشتر منداڵی فێری خوێندنەوە و پێویست بوو نە گۆڕدرایە و بەشیکیشییان ئەو پرۆگرامەی ئێستا لە خوێندنگەکان دە خوێندرێت بە گونجاو دەزانن. 

ع.ع.شەونم(عەلی عەبدوڵا شەونم)، نووسەر و شاعیری کورد کە ئێستا تەمەنی ٩٤ ساڵە و یەکێکە لە شارەزاکانی بواری پەروەردە و چەندین ساڵ وانەی وتووەتەوە،لەبارەی پەرتووکەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار، دەڵێت: ئیبراهیم باڵدار بەڕاستی داهێنانی کرد و ئەوەی تەواونەکراو بوو هێنایە پێشەوە و تەواوی کرد، ئەو کتێبەشی بەڕاستی بەرنامەیەکی سەرکەوتوو بوو، بۆیە نیو سەدە خوێندرا و تەنانەت هیچ کەس ناتوانێت شانبدا لە شانی بەرنامەکەی ئەمین باڵدار.

ع.ع شەونم،  وتیشی:"ئێمە کۆڵەواری ئەوەین کە شارەزامان نییە، ئەو ڕۆژەی کە وانەکەی ئەو لابرا و بەرنامەیەکی نوێ دانرا، لەبەر ئەوە نەبوو هەڵەبوو، بەڵکو ئەوە بوو کە پەروەردە شارەزای تێدا نەبوو و کەسێک نەبوو کە چاکسازیی تێدا بکات و ئەوەی کەمەلێی زیاد بکات".

پێچەوانەی ئەو بۆچوونە دلێر حەسەن، کە ماوەی ١٦ ساڵە وانەی پۆلی یەکی سەرەتایی دەڵێتەوە پێیوایە کە"هەموو کتێبێک بۆ ماوەیەک دادەنرێت و دەکرێت بیر لە گۆڕانکاریی بکەینەوە، ئەگەر کتێب مۆرکی یەک کەس بوو ناتوانی دەستکاریی بکەی، بەڵام ئەگەر چەند کەسێک دایاننا ئەوا دەکرێت گۆڕانکاریی تێدابکەی، ئەم کتێبە تازەیەی ئێستا زیاتر کاری لەسەر چالاکیی منداڵ کردووە، کە منداڵ لەڕێی چالاکییەوە کەسایەتییەکی تەندروستی لێ دروست دەبێت، بۆیە تەواوی پرۆسە عەقڵییەکانی منداڵ دەتوانی بەگەڕ بخەی".

ئەو مامۆستایە دەربارەی کتێبەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار باسی لەوەکرد کە"ئەمین باڵدار پشتی بەستووە بەو شتانەی کە لە دەوروبەری منداڵدان و لە هەندێک شوێندا ئاوازی تێدایە کە بۆ فێربوونی منداڵ زۆر باشە کە لە کاتی خوێندنەوەدا هەست بە بوونی ئاواز دەکەیت و وا دەکات منداڵ بە چێژەوە بیخوێنێتەوە"، ئەوەشی خستەڕوو، کە"ئەوکات بۆیە ئەو وانانە لە مێشکی منداڵدا جێگیر دەبوو بەهۆی ئەوەی کە تەنها کوردیی و بەشێکی کەمی بیرکاری دەخوێند، بەڵام لە خوێندنی ئێستا  منداڵ ڕۆژانە پێنج وانە دەخوێنێت، کەموکوڕی ئەوەی ڕابردووش بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەوەدایە کە منداڵ ئەونووسینانەی لە بەر ئاوازەکەی لەبەر کردووە، بەڵام دواتر نەیتوانیەوە وشەکان جیابکاتەوە".

ئەوەی جێگای سەرنجە لە پەرتوکەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار-دا بەباشیی هاوسەنگیی ڕەگەزیی دەبیندرا، بەڵام لەو پەرتوکانەی وانەی کوردیی کە ئێستا لە پۆلی یەک، دوو و سێ-ی سەرەتایی دەخوێندرێت، جیاوازیی ڕەگەزیی بەشێوەیەکی زەق دەبیندرێت، ئەمەش ڕەخنەی شارەزایانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ک.س