لە سیدەکان پەردە لەسەر وێنەی عەمید زوبێر حالی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری سەر بە سوپای عێراق لادرا، کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکەوە لەگەڵ فەرماندەیەکی دیکەی پاسەوانی سنوور شەهیدکران.
ڕۆژی ١١-٨-٢٠٢٠، لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە برادۆست، دوو عەمیدی پاسەوانی سنووری سوپای عێراق و فەرماندەیەکی گەریلا شەهیدبوون، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای عێراق زوبێر حالی بوو.
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە ناو بازاڕی شارەدێی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست، بە ئامادەبوونی ئەفسەران و کارمەندانی پاسەوانی سنوور و هاوڵاتیان و خانەوادەکەی، پەردە لەسەر وێنەی زوبێر حالی، لادرا، کە لەسەر ئەرکی هاوڕێیەکی دروستکرابوو.
لە مەراسیمەکەدا ئەردەوان زوبێر حالی، بەناوی خانەوادەی شەهید زوبێر، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: باوکم هەوڵەکانی بۆ ئەوە خستبووەگەڕ، کە شەڕی براکوژی ڕوونەدات و ڕۆڵەی ئەم وڵاتە نەکوژرێت، هەوڵی دەدا ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرقەراربێت، بەڵام بەداخەوە لەلایەن نەیارانی کوردەوە شەهیدکرا، ئەو لە پێناوی ئاشتیدا شەهید بوو، بۆیە ئێمە سەربەرزین بە شەهیدبوونی و شانازی پێوەدەکەین.
دواتر لەلایەن هاوڕێ و هاوپیشەکانی زوبێر حالی، وتار پێشکەشکران و ئاماژەیان بەوەکرد، کە درێژە بە خەباتی شەهید زوبێر حالی دەدەن و ڕێگە نادەن ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لەلایەن نەیارانی کوردەوە شەهید بکرێن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا لەلایەن ئامادەبوانەوە گوڵ لەبەردەم وێنەکەدا دانرا و کۆتایی بە مەراسیمەکە هێندرا.
د.ع