پێنجشەممە, 21 يون 2018 – 13:49 ڕۆژنیوز – کەرکوک
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ محەمەد عوسمان و شوان داودی، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە نووسینگەی كەركوكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان سەبارەت بە ڕەوشی ئەمنیی کەرکوک ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا، محەمەد عوسمان، رایگەیاند: پارێزگای كەركوك لەماوەی چەند مانگی رابردوودا روبەروی پیلانێكی ترسناك و قێزەون بووەتەوە و پێکهاتەی کورد دەکرێتە ئامانج بەو مەرامەی ناچاریان بکەن زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.
محەمەد عوسمان، وتیشی: ڕۆژانە هێرش و پەلامار بۆسەر كورد هەیە، كە دوایینیان ئەو پەلامارە تیرۆرستیە بوو كە كرایە سەر ژمارەیەك گوندی کوردنشینی سەر بە شارۆچكەی داقوق.
ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بە جۆری هێرشەکان کرد، کە پرۆسەی بەعەرەبکردنی ژمارەیەک شارۆچکە و شارەدێیە و خێزانە کوردەکانیان ناچار بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان کردووە.
ناوبراو، داوایکرد، کە بۆ راگرتنی خوێن ڕشتن و ئەو زنجیرە پەلامارانەی دەكرێت سەر كورد، هێزی هاوبەش پێكبهێنرێت كە لە هێزەكانی ئیتیحادی و پێشمەرگە بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەركی دۆسیەی ئەمنیی لە پارێزگاکەدا.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەو کەس و لایەنانەی “هێرش دەکەنە سەر کورد”، شوان داودی، بە دیارییکراوی ناوی نەهێنان، بەڵام وتی:”هیرش و پیلانەکان بە ئاگاداری بەرپرسی ئیداریی و حزبی لە پێكهاتەكانی تر پیلان دژی كوردی كەركوك ئەنجام دەدرێن، ئاگاداری هەمو جموجۆڵەكانیانین بە ناو كەسەكانمان لایە لە كۆبوونەوەكانیان و بەروار و شوێنی كۆبوونەوەكانیشیان دەزانین”.
شوان داودی، وتیشی:”لە ماوەیەكی كەمدا سێ كەس بە گولـلەی هێزەعێراقییەكان شەهید كراون، كە هەرەمەكی تەقە دەكەن، ئێمە لە لێکۆڵینەوەکان رازیی نین، چونكە ئەو خەڵكە ناچار دەكرێن بەو شێوەیە قسە بكەن كە لێكۆڵەرەكان دەیانەوێ ئێمە داوای لیژنەیەكی لێكۆڵەری بێلایەن دەكەین بۆ دۆسیەكان و بێدەنگ نابین لەو پەلامارانەی دەكرێن”.
ش.ف/هـ