پەرلەمانتاران بەدواداچوون بۆ كێشەكانی سەیدسادق دەكەن

دوو پەرلەمانتاری لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەردانی شارۆچکەی سەیدسادقیان کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە و نوێنەری خۆپیشاندەران کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، کە بەئامانەتەوە کێشەکان دەگەیەننە پەرلەمان و حکومەت.


لەماوەی ڕابردوودا، خۆپیشاندانێکی فراوان لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر با پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا و چەند خۆپیشاندەرێکیش ئاماژەیان بەوەکرد، کە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون و سوکایەتیان پێکراوە.

لەدوای خۆپیشاندانەکە بەڕێوبەرانی ئیداریی شارەکەش بەڵێنیان بە خۆپیشاندەراندا، کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دێنە سەیدسادق و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرن، هەرچەند ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر خۆپیشاندانەکاندا، بەڵام هیچ بەرپرسێکی حکومی سەردانی سەیدسادقی نەکرد، ئەم شاندەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەنها شاندە کە سەردانی ناوچەکەی کردووە.

شاندەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە لەدوو پەرلەمانتاری لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان پێکهاتبوو، سەرەتا لەگەڵ بەرپرسانی سەیدسادق لەبینای قائیمقامیەت کۆبوونەوە، دواتر سەردانی ماڵی زانا عەلی، چالاکوان و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سەیدسادقیان کرد و لەگەڵی کۆبوونەوە.

شاخەوان ڕەئوف، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی سەردانەکەیانەوە وتی: بەلامانەوە گرنگ بوو بەدواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكانی خەڵكی سەیدسادق بكەین، داخوازییەكانی خەڵك بەئامانەتەوە دەگەیەنینە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی جدی لەسەر دەكەین، لەوێشەوە دەینێرین بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بەدواداچوونی ورد بكرێت بۆ داخوازییەكانی خەڵكی سەیدسادق.

زانا عەلی، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ ڕۆژنیوز وتی: هاتنی ئەو لیژنەی پەرلەمان بۆ ئەوەبوو، بزانن سەیدسادق چی كێشەو كەموكورتیەكی هەیە، هەروەها بزانن ئەو سوكایەتیەی چیی بوو لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بەرامبەر بەچالاكوانی شارەكە كرا.

وتیشی: ئومێدمان ئەوەیە داواكارییەكانمان بگەیەنن بەشوێنی خۆی، هەرچەندە ئێمە هیچ ئومێدێكمان بەسیستەمی حكومڕانی نیە، ئەگەر حكومەت داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ نەكات خۆیان زەرەر دەكەن لێیان قبوڵناكرێت.

  د.ع