شەممە, 11 أبر 2020 – 11:56 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
تەیب تەمەل، پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان، لەسەر ئەو گەمارۆیەی نۆ مانگە لەسەرکامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بەردەوامە، لەگەڵ ئازانسی مەزۆپتامیا قسەیکردووە.
تەیب تەمەل، دەڵێت: دانیشتووانی کامپی مەخمور ٢٠ ساڵە لە دۆخێکی دژواردا بەردەوامی بە ژیانیان دەدەن، بەڵام ئێش و ئازاری مەخمورییەکان کۆتایی نەهاتووە، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ناوبەناو هاوکاریی کامپەکەیان دەکرد، بەڵام ناوبەناویش بەپێی قۆناغەکان سیاسەتیان بەرامبەر کامپەکە گۆڕی و شەرت و مەرجێکی سەختیان بەسەر کامپەکە سەپاند، ئەو گەمارۆیەش ئێستا بەردەوامە هەڵویستێکی هەڵەیە، هەرچی بوایە، نەدەبوو کاربەدەستانی هەرێم ئەو گەمارۆیەیان بخساتەیە سەر کامپەکە کە هیچ دەرفەتێکی دیکەیان نییە، لەوێ کەسانی پیر، نەخۆش و منداڵ هەن، ئەمە شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی.
لە بەردەوامی قسەکانیدا تەمەل، دەڵێت: دژی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان تێکۆشانێکی هاوبەش هەیە، لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا گەمارۆی سەر مەخمور قبوڵکراو نییە، پێویستە کاربەدەستانی باشور دەستوبرد ئەو گەمارۆیە لەسەر مەخمور هەڵگرن، چونکە لەوێ ئیدی پێداویستییە مرۆییەکان کەمبووەتەوە و بەرەو نەمان دەچێت، گەنجان، پیرەکان و دایکانی ناو کامپەکە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەوەی لێیان قەوماوە بۆ ئێمە دەگێڕنەوە، دۆخی ئەوێ زۆر خراپە، خۆراک و دەرمان نەماوە و خەڵک چاوەڕیی چارەنووس دەکەن، ئەمە بۆ کاربەدەستانی باشوری کوردستان شەرمێکی گەورەیە، داوا لە بەڕێز مەسعود بارزانی و کاربەدەستانی باشور دەکەم، دەستوبرد ئەم گەمارۆیە هەڵگرن، گەمارۆی سەر مەخمور دژی بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤ و دژی کلتوری کوردییە، ئەم گەمارۆیە لەگەڵ ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی ناگونجێت، پێویستە ئەو هێزانەی پشتیوانی لە یەکێتی نەتەوەیی دەکەن دەنگی خۆیان هەڵببڕن.
ک.س