ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بە دڕندانە ناودەبات و هیوادەخوازێت لە پەرلەمان کۆدەنگییەک دژ بەو تاوانانە دروست بکەن و دەڵێت: تورکیا هیچ بیانوویەکی نییە تا قوڵایی خاکی هەرێم بۆردوومان بکات.
دوای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر دەستی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ڕووبەڕووی شکستی گەورە بووەوە، دەستی دایە تیرۆرکردنی پەنابەرانی سیاسی و بۆردوومانکردنی ناو شارەکانی هەرێم کوردستان، بە پشتبەستن بە خیانەت و سیخوڕییەکانی پەدەکە.
کوردە عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردوومانەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان کارێکی نامرۆڤانەیە، ئەم کارە نا مرۆڤانەیەی تورکیا بەڕاستیی ئیدانە دەکەین، پێویستە وڵاتانی درواسێ ڕێز لە خاکی هەرێمی کوردستان و سەروەریی وڵاتی عێراق بگرن.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: پێویستبوو کۆ دەنگییەک هەبێت دژی بۆردوومانەکانی تورکیا و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی کوردستان، بەزاندنی سنوورەکان بەو شێوە بەرفراونە، وەکو گەرمیان و ئاغجەلەر و شوێنەکانی دیکە، هیچ بیانوویەکیان نیە بۆ شەهیدکردنی هاوڵاتیان، ئومێدەکەین لە کاتی دەست بەکاربوونەوەمان بتوانین کۆدەنگیەک دروست بکەین لەپەرلەمانی عێراق، ئەم کارە دڕاندانە و نا مرۆڤانە ئیدانە دەکەین، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم کارانە دابنرێت.
ڕۆژی ١٧ ئەم مانگە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی تورك لەنزیك شارۆچكەی كەلار ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و بەوهۆیەوە چوار كەس شەهیدبوون و كەسێكی تریش برینداربوو.
ڕۆژی ٢١ ئایار، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندی تووتەقەڵی سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر لە سنووری چەمچەماڵ کردە ئامانج و پێنج کەس تیایدا شەهیدبوون، دوو لەو شەهیدانە، کە ناسمانەیان ئاشکرابووە، بە ناوەکانی ئارام حاجی کاکە خان و ئیسماعیل ئیبراهیم خەڵکی سنوورەکە بوون.
س.س