سێشەممە, 5 ماي 2020 – 07:55 ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
https://youtu.be/VCOKMKKWr_g”>
گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر درێژەیان هەیە و هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، کە سەرەکییترینیان پرسی بودجە و مووچە و مەلەفی نەوتی هەرێمە، لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی پارەی مووچەی فەرمانبەرانیش لەلایەن بەغداوە، هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم مەترسیی قەیرانێکی دارایی قووڵ.
سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، ئاشکرای دەکات:”حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدیارییکراویش ‘پارتی’ سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی ئۆفەرێکە لەگەڵ تورکیا، کە ئەویش پێدانی قەزرە بەبڕی چوار بۆ پێنج ملیار دۆلار بۆ دەربازکردنی حکومەتی هەرێم لەم دۆخە، لە دۆخێکدا ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام ئەمەش پێشمەرجی سیاسیی و ئەمنیی هەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو، کە “ئەو مامەڵەیە لە ڕێگای کۆمەڵێک بانکی تورکییەوە کراوە، بەڵام ئەمە بەبێ پشتگیریی سیاسیی ناکرێت”.
سەرکەوت شەمسەدین دەشڵێت:”نە تورکیا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە قەرز نادات بە هیچ وڵاتێک کە گەرەنتیی نێودەوڵەتیی نەبێت، وەک هەرێمی کوردستان کە گەرەنتیی نێودەوڵەتیی نییە، بۆیە مەترسیی هەیە ئەمانە بەکاربهێندرێتەوە لە هەندێک فشاری ئەمنیی و هەواڵگریی و سەربازیی و پێکدادان لە نێوان هێزە کوردییەکاندا”.
لە ٢٠ی مانگی ٣ی ئەمساڵیشەوە بەهۆی گواستنەوەی هێزێکی پێشمەرگە بۆ زینی ئەستێرۆکان “زینی وەرتێ”، ئاڵۆزیی لەو ناوچەیە هاتووەتە ئاراوە، هەرچەند پاساوی گواستنەوەی ئەو هێزە بۆ ئەو ناوچەیە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بوو، بەڵام هەرزوو کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە ئەوەی ئاشکراکرد، کە “گواستنەوەی هێز بۆ ئەو ناوچانە ڕاگەیاندنی شەڕە لەلایەن پارتییەوە دژی پەکەکە و ڕێخۆشکەرییە بۆ هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر قەندیل”.
بەوتەی سەرکەوت شەمسەدین، “دۆخی زینی وەرتێ و گەمارۆی سەر کامپی مەخمور بەشێکن لەو مامەڵەیەی نێوان پارتی و تورکیا”، دەشڵێت: ئەوانە بەشێکن لە ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ ئەوەی لە حاڵەتی گەشتنە بنبەست لەگەڵ عێراق ئەو بژاردەیە لە بەردەمیدا کراوەبێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەترسییەکانی ئەو پیلانەشی نەشاردەوە و وتی: ئەگەر پارتی ئەو سەرکێشییە بکات ئەوا پێگەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسیی جدیی و دوورنییە لەو ڕێگایەوە و بخرێتە ژێر کۆمەڵێک مەرجەوە، کە دواتر ڕەنگە بائاسانیی لەژێری دەرنەچن.
س.ح