یەكشەممە, 10 ماي 2020 – 07:41 ڕۆژنیوز – هەولێر
هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر پەرلەمانتار سۆران عومەر کۆبووە، هەرچەندە سرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی و تەواویی فراکسیۆنەکانیتر جگە لە کەمینەکان و پارتی بایکۆتیان کرد، بەڵام دانیشتنەکە بەڕێوەچوو، ئەمەش نیگەرانی و کاردانەوەی یەکێتیی و لایەنەکانی دیکەی لێ کەوتەوە، ئەمەش جارێکیتر ئاڵۆزییەکانی یەکێتی و پارتی گەشکردەوە، لەم بارەیەوە لوقمان وەردی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی هەرێم بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
لوقمان وەرتی دەربارەی ڕووداوەکەی پەرلەمان وتی: ئەوەی لە پەرلەمان ڕوویدا شكاندنی تەوافق بوو، هەروەها تێكدانی سازانی نشتیمانی بوو لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لە نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان.
وەردی دانیشتنەکەی بە شانۆگەرییەكی ناشیرن زانیی، وتیشی: یادەوەرییەكی تاڵی لە پەرلەمان خستە سەر یادەوریە تاڵ و ناشیرینەكانی دیكەی هاوشێوەی یادەوەرییەكانی ساڵی ١٩٩٦ کە دەبابەكانی ڕژێمی ئەو كاتەی عێراق هاتنە شاری هەولێر و شكۆی پەرلەمانیان شكاند، هەروەها داخستنی دەرگای پەرلەمان و ڕێگریکردن لە د.یوسف محەمەد’ی سەرۆکی پەرلەمان ٢٠١٥دا.
لوقمان وەردی باسی لەوەشکرد، کە ئەوان بە بە قوڵی نیگەرانیەكانی خۆیان بە پارتی یگەیاندووە، دەشڵێت یەکێتی لەگەڵ ئەوە نەبووە كە مەودای ئازادی ڕادەبرین بەرتەسك بكرێتەوە بەڵام گوێیان لێنەگیراوە.
دەربارەی ئامادەبوونی فراکسیۆنی پێکهاتەکان، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتی، ئەوان فشاریان لەسەربووە بۆیە بەشدارییان کردووە، هەروەها دەربارەی پەیوەندی ئێستای پارتی و یەکێتیی وتی:”دەمێكە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی گرفتی تێكەوتووە، بە تایبەت دوای بەستنی كۆنگرە کە پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی باڵا نەماوە، دەتوانم بڵێم پەیوەندییەكان ئەوەی كە هەبوو تەنها لە چوارچێوەی پەرلەمان و حکومەت بوو، پەرلەمانیش بینیمان دۆخە چۆنە، بۆیە پێویست دەكات ئێمە لەگەڵ پارتی بە پەیوەندیەكانماندا بچینەوە و گفتوگۆیەكی جدی بكەین.
س.ح