پەرلەمانتارێک: بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق تورکیاش دەگرێتەوە و دەبێت دەربکرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆردوومانەکەی دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و مافی مرۆڤ ناودەبات و دەڵێت:"بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان تورکیاش دەگرێتەوە و دەبێت دەربکرێت".


کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کۆمەڵگای دووگرێی سەر بە شەنگالیان بۆردوومان کرد، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش بەشێوەی فەرمیی لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە زانیاریی بڵاونەکراوەتەوە و شاندێکی سەر بە سوپای عێراق-یش بەمەبەستی لێکۆڵینەوە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆردوومانەکەی دەوڵەتی تورک بە پێشێلکارییەکی تەواوی سەروەریی عێراق لەقەڵەم دەدات و بە ڕۆژنیوزی وت: پێشتریش ئەو پێشێلکارییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوام بووە، لەم خولەی پەرلەمان و لە خولەکانی ڕابردووشدا چەندین جار داواکراوە، کە ئەم پێشێلکارییەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق ڕابگیرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەوەستێندراوە.

ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش کرد بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق و وتی: بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان هەموو ئەو هێزانە دەگرێتەوە، کە لەسەر خاکی عێراق-ن، چ ئەوانەی بە ڕێککەوتن هاتوون و چ ئەوانەشی وەک دەوڵەتی تورکیا بەبێ ڕێککەوتن هاتوون و دەبێت دەربکرێن، بەڵام عێراق تاوەکو ئێستا نەبووەتە ئەو وڵاتە بەهێزەی کە بەرگرییەکی باش لە سەروەرییەکەی بکات.

ش.ف