پەرلەمانتارێک: تورکیا هەموو سنورەکانی بەزاندووە

ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوەی ئێستا تورکیا ئەنجامی دەدات هەموو سنورەکانی بەزاندووە و گەیشتووەتە ئاستی داگیرکردن، ئەگەر بەر بەو داگیرکاریانە نەگیرێت، ئەوا مەترسی داگیرکردنی کەرکوک و سلێمانی و ناوچەکانی تریش دروست دەبێت.


داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بەردەوامییان هەیە و حکومەت و پەرلەمان و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە، عەبدولڕەحمان عەلی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عەبدولڕەحمان عەلی، دەڵێت: ئەوەی ئێستا تورکیا ئەنجامی دەدات هەموو سنورەکانی بەزاندووە و گەیشتووەتە ئاستی داگیرکردن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە نە بەرپرسانی هەرێم و نە حکومەتی عێراقیش نەهاتوونەتە سەرهێڵ، بۆیە ئەگەر بەر بەو داگیرکاریانە نەگیرێت، بە دووری نازانم مەترسی داگیرکردنی کەرکوک و سلێمانی و ناوچەکانی تریش دروست دەبێت.

باس لەوەش دەکات: ئێمە وەک ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بە واژۆی ژمارەی یاسایی یاداشتمان ئاراستەی سەرجەم دامەزراوە و کونسوڵ و باڵوێزی وڵاتانی بیانی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە بە زوویی بێنە دەنگ لەسەر ئەم داگیرکارییانە، هەروەها داواشمان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە کە دانیشتنێکی نائاسایی بۆ ئەو بابەتە ئەنجام بدات، بەڵام وەڵامیان نەبوو.

ئەو پەرلەمانتارە بۆچوونی وایە: بێدەنگبوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم لە ئاست داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئاماژەی مەترسیدار بەدوای خۆیان دەهێنن، بۆیە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارن لە کۆنەبوونەوەی پەرلەمان بۆ قسە و باسکردن لە بارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەندین بابەتی دیکەی گرنگ، ئەو دەستەیە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نیین.


ک.ک