پێنجشەممە, 4 يون 2020 – 07:57 ڕۆژنیوز – هەولێر
https://youtu.be/9pWOKmPGGT4?t=1″>
کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر ئەو دۆخە داراییەی ئێستا بەرۆکی حکومەتی هەرێمی گرتووە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێدەكەنەوە و هەوڵەکانیش بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بەردەوامە بۆ پەرلەمان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو قەرزانەی هاتوونەتە ملی حکومەت.
کاوە پێیوایە پارتی و یەكێتی بە مەبەست پەرلەمانیان پەکخستووەو ئەو دۆخەیان سازکردووە، تا حکومەت هیچ بەربەستێکی لە بەردەمدا نەمێنێت و بەبێ چاودێری کارەکان بکات.
بەپێویستیشی دەزانێت لایەنەکان فشار دروست بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان تا بە ئەرکی خۆی هەڵسێ لە چاودێریکردنی حکومەت و لێپرسینەوەی وەزیر و بەرپرسان لە کەموکوڕییەکانیان.
ئەوەشی وت، نەوەی نوێ، حزبی شیوعی، کۆمەڵ و یەکگرتوویی ئیسلامی، یاداشتێکیان داوەتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ بانگهێشتکردنی مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی، بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمان و ڕوونکردنەوە دەربارەی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزی سەر حکومەت بدەن.
پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ١١١ ئەندامی هەیە و جگە لەوەی سێ ئەندامیان بانگەشەی سەربەخۆبوونیان دەکەن، ئەوانی دیکە لە ١٧ فراکسیۆن پێکدێن، زۆرترین کورسی بەر پەدەکە کەوتووە کە ٤٥ کورسییە، هەروەها ١١ کورسی کۆتاکان هەیە کە بەپێی ئەزموونی ڕابردوو هەموویان سەر بە پەدەکەن و ئەو یاسایانەی ئەو حزبە بیەوێت ١١ کورسییەکەی دیکەشی لەگەڵ دابووە و پێکەوە زۆرینەیەکیان دروستکردووە و یاساکانیان تێپەڕاندووە.
س.ح