پەرلەمانتارە ناڕازییەکانی ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر دواخستنی دانیشتنی سبەینێ-ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا دژایەتی خۆیان بۆ دواخستنی دانیشتنەکە دەردەبڕن، کە داوایانکردبوو شاندی حکومەت ئامادەی دانیشتنەکەبێت، هەروەها دەڵێن: سورین لەسەر بانگهێشتکردنی شاندی حکومەت لەسەر پرسی موچە.
دوێنێ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەوەی پرسی موچە لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا نەبوو، بە فشارەکانیان دانیشتنەکەیان ڕاگرت و ڕایانگەیاند، کە هەتا شاندی حکومەت نەیەتە پەرلەمان و لەسەر پرسی موچە قسەنەکرێت ڕێگا بە دانیشتنی پەرلەمان نادەن.
بڕیاربوو سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا.
کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، کە خۆیان بە پەرلەمانتارە ناڕازییەکان ناوبردووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: ئێمەی ئەندامانی ناڕازیی لە پەرلەمانی کوردستان، کە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی ٣٠/ ١١/ ٢٠٢٠دا، هەڵوێستمان دەربڕیی و پێداگریمان کرد لەسەر بانگێشتکردنی حکومەت بۆ پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمان-ین، کە دەبو حکومەت بهێنرێتە پەرلەمان و پرسی چارەسەرکردنی موچە و ناکۆکیی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەکان یەکلابکرانایەتەوە، بۆ ئەوەی چیتر هاونیشتمانیان و موچەخۆران نەکرێنە قوربانیی سیاسەتی چەوتی حکومەتی هەرێم.
هەروەها دەڵێن: ئێمەی ناڕازیی لە پەرلەمان، بەڵێن بە خەڵکی جوامێری کورستان دەدەین کە سورین لەسەر هەڵوێستەکانمان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیان و هۆشداریش دەدەینە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کە ناکرێت چیتر خەمساردبێت لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچە و تەرخانکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ بابەتی لابەلا، بە پێچەوانەوە هەموو ڕێگایەکی یاسایی و ناڕەزایی پەرلەمانیی و مەدەنیی دەگرینە بەر و بۆ داهاتویش، هەموو ئەگەرەکان لەبەردەممان دا کراوە دەبن.
د.ع