پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ٢٧ ساڵدا

ماوەی ٢٧ ساڵە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، لەو ماوەیەدا پێنج خولی پەرلەمانتاران بەردەوامیان بە کارەکانی پەرلەمان داوە، لەماوەی کارکردنیاندا چەندین یاساو بڕیاریان دەرکردووە، کە هەندێکیان جێگای شانازین بۆ پەرلەمانتاران و هەندێکیشیان بوونەتە نەنگی بۆیان.


لە ڕۆژی ٨-٤-١٩٩٢ لەلایەن لیژنەیەکەوە، کە بەرەی کوردستانی پێکی هێنابوو یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد کوردستان ( پەرلەمان) نووسرایەوە، لە ڕۆژی ١٩-٥-١٩٩٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرا، لەڕۆژی ٤-٦-١٩٩٢ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدەدات و لە ٩-٧-١٩٩٢ دووەم یاسای دەرکرد، بەڵام بەرواری دەرکردنی یەکەم یاسای دیار نییە.

خولەکانی پەرلەمان

یەکەم خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دەست بەکار دەکات، هەتا ساڵی ٢٠٠٥ درێژ دەکرێتەوە، پەرلەمان لەساڵی ١٩٩٢ کە دەست بەکار دەکات، هەتا ساڵی ١٩٩٦ بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە شێوەیەکی یەکگرتوو، واتا هەم ئەندامانی یەکێتی و هەم ئەندامانی پارتی لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە دەبوون، واتا دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لەنێوان یەکێتی و پارتیدا نەیتوانی ببێتە هۆی ڕاگرتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەڵام لەدوای ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ کە دەبابەکانی ڕژێمی بەعس بە پێشڕەوی هێزەکانی پارتی شاری هەولێریان داگیرکرد و ڕۆشتنە ناو پەرلەمان، ئیتر ئەندامانی یەکێتی لە پەرلەمان کشانەوە، هەتا ساڵی ٢٠٠٢ کۆبوونەوەی پەرلەمان بە بەشداریی یەکێتی ئەنجامنەدرا.

لەدوای ئەوەی ساڵی ١٩٩٨ ڕێککەوتننامەی واشنتۆن لەنێوان یەکێتی و پارتیدا واژۆدەکرێت، لە ٤-١٠- ٢٠٠٢ پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی یەکگرتنەوەی ئەنجامدەدات.

خوولی یەكەم

لە خولی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، کە لە ڕۆژی ١٩-٥-١٩٩٢، هەڵبژاردنی بۆ ئەنجامدرا، جەوهەر نامیق، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، سەرۆکی پەرلەمان بوو، لەم خولەدا، یەكێتی و پارتی كورسیەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، بەم شێوەیە یەکێتی ٥٠ کورسی، پارتی ٥٠ کورسی، ٥ کورسی بۆ کەمە نەتەوەکان.

خوولی دووەم

لەڕۆژی ٣٠- ١-٢٠٠٥، هەڵبژاردن بۆ خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، عه‌دنان موفتی، لەسەر پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە سەرۆکی پەرلەمان، ١٣ لیستی جیاواز بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كرد، لەم خولەدا ژمارەی ئەندامان لە ١٠٥ ئەندامەوە بۆ ١١١ ئەندام بەرزكرایەوە، لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی و پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی و حزبی سۆسیالست، و چەند حزبێکی دیکە لەگەڵ کورسی کەمەنەتەوە و باوەڕییەکان بەیەک لیست بەناوی لیستی نیشتیمانی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون و ١٠٤ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان شەش کورسی و حزبی زەحمەتکێشان ١ کورسی بەدەستهێنا.

خولی سێیەم

لە ٢٥-٧-٢٠٠٩، هەڵبژاردن بۆ خولی سێیەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنەكەدا ٢٤ لیست بەشداریی هەڵبژاردنیان كردو ١١ لیست سەركەوتن، لەم خولەدا، بزوتنەوەی گۆڕان وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن بەشداریی کرد و توانی ٢٥ کورسی بەدەست بهێنێت، یەکێتی و پارتی پێکەوە بەلیستی نیشتیمانی بەشدارییان کرد و ٦٣ کورسیان بەدەستهێنا، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی سۆسیالست و حزبی ئایندە، بەیەک لیست بەناوی لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی بەشدارییان کرد و١٣ کورسیان بەدەستهێنا، هەروەها بزوتنەوەی ئیسلامی ٢ کورسی بەدەستهێنا، کورسییەکانی دیکەش بۆ کەمە نەتەوەکان بوو.

لەم خولەدا كەمال كەركوكی، لەسەر پشکی پارتی ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی پەرلەمان بوو، هەروەها ئەرسەلان باییز، دووساڵی کۆتایی لەسەر لیستی یەکێتی سەرۆکی پەرلەمان بوو.

خوولی چوارەم

لە ٢١-٩-٢٠١٣، هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنەكەدا ٣١ لیست بەشداریی پرۆسەكەیان كردو  ١٧ لیست سەركەوتن.

پارتی ٣٩ کورسی، گۆڕان ٢٤ کورسی، یەکێتی ١٩ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی ١٠ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی و حزبی سۆسیالست ٢ کورسی و بزوتنەوەی ئیسلامی ١ کورسی و حزبی شیوعی ١ کورسی.

لەم خولەی پەرلەماندا یوسف محەمەد، لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆکی پەرلەمان بوو، بەڵام بەهۆی گفتۆگۆکردن لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە ١٩-٢-٢٠١٥ گرژی لەنێوان گۆڕان و پارتی ڕوویدا و لە ئەنجامدا پارتی ڕێگریی کرد لە ڕۆشتنەوەی یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر و بۆ ماوەی ٢ ساڵ پەرلەمانی داخست.

خولی پێنجەم

لە ٣٠-٩-٢٠١٨، هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی ٤٥ کورسی و یەکێتی ٢١ کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان ١٢ کورسی و نەوەی نوێ ٨ کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی ٥ کورسی و هەریەک لە حزبی شیوعی و حزبی سۆسیالست یەک کورسیان بەدەستهێنا، هەتا ئێستا لەلایەن ڤاڵا فەرید، لەپشکی پارتی سەرۆکایەتی دەکرێت، بەڵا لەبەر ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی یەکێتییە بڕیار وایە لەلایەن کاندیدێکی یەکێتییەوە ئەو پۆستە وەربگیرێت.

ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەری کردووە

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ٢٧ ساڵدا ٣٨٩ یاسا و زیاتر لە ٩٨ بڕیاری دەرکردووە، زۆرترین یاسای لەساڵی ٢٠٠٧ دەرکردووە، کە ٣٩ یاسا بووە، کەمترین یاسای لەساڵی ١٩٩٥ دەرکردووە کە ١ یاسا بووە، لە ماوەی ٧ مانگی ئەمساڵیشدا تەنها یەک یاسای دەرکردووە، زۆرترین بڕیاریشی لەساڵی ١٩٩٢دا دەرکردووە کە ٤٨ بڕیار بووە.

ئەو بڕیار و هەڵوێستانەی کە پەرلەمانی هەرێم شانازیان پێوە دەکات

هەڵوێستەکانیان بەرامبەر شەڕی ناوخۆ

دژی شەڕی ناوخۆ بڕیاری ژمارە(۱۹) لە ۱٥/۸/۱۹۹٤ لەدانیشتنێکی نائاسایی پەرلەماندا دراوەو بریتیە لە چوار خاڵ، ئەوانیش

یەکەم: هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی بەیانێک دەربکەن بۆ پشتیوانیکردن و پابەندبوون بە هەڵوێستی پەرلەمان لە بارەی ڕووداوەکانەوە، پەسەندکردنی یاداشتنامەی وەفدی پەرلەمانی کوردستان کە سەردانی شوێنی ڕووداوەکانی کردووە لە قەڵادزێوە شوێنەکانی دیکە.

دووەم: هەردوو بەڕێزان مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی و بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی فەرمان دەربکەن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕاگرتنی هەر جموجوڵ و کارێکی شەڕانگێزانە لە بەرەکان.

سێیەم: کشانەوەی تەواوی هێزەکانی یەکێتی و پارتی و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە لە شارەکان و لەچەند ناوچەیەکی دیاریکراو.

چوارەم: لەسەر لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان پێویستە چاودێریی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتن و یاداشتی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی ۱٥/۷/۱۹۹٤ و۱٥/۸/۱۹۹٤، جێگەی ئاماژەیە ئەم بڕیارە لەسایتی پەرلەمان سڕاوەتەوە.

مانگرتنی پەرلەمانتاران

بڕیارەکانی پەرلەمان لەبارەی شەڕی ناوخۆوە نەیانتوانی شەڕەکە ڕابگرن، بۆیە وەک هەڵوێستێک لەهەمان ساڵدا ٥٩ ئەندام پەرلەمان بۆ ماوەی ١٠١ ڕۆژ لە ھۆڵێکی نێو پەرلەمان دژی شەڕی ناوخۆ پەناگیریی خۆیان ڕاگەیاند.

ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ

یەکێکی دیکە لەو بڕیارانەی، کە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەن بڕیاریی ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٤ یە سەبارەت بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و هاوکاریی کردنی شەڕڤانان دژ بە چەتەکانی داعش.

پشتیوانی کردنی ڕۆژئاوای کوردستان

یەکێکی دیکە لەو بریارانەی، کە پەرلەمانتاران شانازی پێوە دەکەن، بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ٢٠١٤یە، کە تایبەتە بە پشتیوانی کردنی خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوای کوردستان.

دەرکردنی سوپای تورک

هەروەها پەرلەمانتاران شانازیی بە بڕیاری ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن، کە تایبەتە بە دەرکردنی سوپای تورک لەهەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیارەکەی پەرلەمان جێبەجێ نەکرا، لەوەش زیاتر ئەم بڕیارەش لە سایتی پەرلەمان سڕاوەتەوە.

ئەو ڕەخنانەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەگیرێت

یەکێک لەو ڕەخنانەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەگیرێت، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ مەسعود بارزانی بۆ دووساڵ، کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ١٩ی پەسند کرد، بریتیبوو لەدرێژ کردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چونکە پێچەوانەی ماددەی ٣ بوو لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥، بەو پێیەی لەیاساکەدا هاتووە:(ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵە دەکرێ بۆ ویلایەتی دووەمیش هەڵبژێردرێتەوە).

دەسەڵاتی پەرلەمان

زۆرینەی ئەو ڕەخنانەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەگیرێت ئەوەیە، کە نەیتوانیوە خۆی لە دەسەڵاتی حزب داماڵێت و سەربەخۆیانە کار بکات، هەروەها نەیتوانیوە دەسەڵاتەکانی بەکار بهێنێت و وەک پێویست چاودێریی کارەکانی حکومەت بکات.

داخستنی دەرگای پەرلەمان

داخستنی دەرگای پەرلەمان لەساڵی ٢٠١٥ دا یەکێکە لە نەنگییە گەورەکانی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەویش بەهۆی ئەوەی پەرلەمان ویستی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکات، لەبەر ئەوەی پڕۆژەی هەموارەکە بەدڵی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق نەبوو، پارتی لە بازگەی پردێ، لە ١٢-١٠- ٢٠١٥ ڕێگریی کرد لە ڕۆشتنەوەی یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ پەرلەمان، ئەوەش بووە هۆی داخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ.

ئەم داخستنەی پەرلەمان نەنگییەکی گەورەبوو بۆ پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی پەرلەمانی خستە ژێر پرسیاریی گەورەوە.

بڕیاڕ

یەکێکی دیکە لەو ڕەخنانەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەگیرێت، ئەوەیە، کە بڕیارە سیاسی و ئیدارییەکان لەدەرەوەی پەرلەمان دەدرێت و تەنها بۆ پێدانی شەرعییەت دەهێندرێتە ناو هۆڵی پرلەمان، وە پەرلەمانیش توانای ڕەتکردنەوەی نییە.

د.ع