پەرلەمانی هەرێم داوای ئاشتیی و گفتوگۆ بۆ پارچەکانی دیکەی کورستان دەکات

ئەمڕۆ لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەماندا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەربارەی تۆپبارانەکانی ئێران پەیامی پەرلەمانی خوێندەوە، تێیدا هاتبوو: پەرلەمان لایەنگری چارەسەریی ئاشتیانە و گفتوگۆیە بۆ کێشەی پارچەکانی دیکەی کوردستان و پشتیوانیی ئاشتیی دەکات.


دوو ڕۆژە ئێران بە بیانووی کوشتنی چەند ئەندامێکیان سنوورەکانی باڵەکایەتی و برادۆست بۆردوومان دەکات، کە هاوڵاتییەکی شەهیدکردووە و دوانیش بریندارن، لەوبارەیەوە پەرلەمانی هەرێم لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا لە هەڵوێستی خۆی خستەڕوو، کە لەچوارچێوەی ڕاگەیەندراوێکدا بوو، لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سرەۆکی پەرلەمانەوە خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پەرلەماندا وێرای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانیی دوێنی، هاتبوو:"ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی هەرجۆرە پەلامار و هێرشێک دەکەین، کە هەر هێز و لایەن و گروپێک خاکی هەرێم بۆ وڵاتانی دراوسێ بەکاربێنێت، کە دەبێتە هۆی  ئەوەی ئەو وڵاتانەش هێرشی سەربازیی و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانمان بکەن و لە ئەنجامدا هاوڵاتیانی کوردستان زیانی گیانی و ماددیان بەربکەوێت، دەبێت ئاستێک بۆ ئەم جۆرە کارو کردەوانەدابنرێت و شەڕو ململانێکان لە هەرێمی کوردستان دوربخرێنە و ئاسایش سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەکرێنە قوربانی".

هەروەها هاتبوو:"ئێمە وەکو پەرلەمان لایەنگر و پشتیوانی چارەسەریی ئاشتیانە و دیموکراسییانەی پرسی کوردین لە پارچەکانی کوردستان، کە بەلێکتێگەشتن و ڕێگەچارسی سیاسیی و دپلۆماسی بن، بەڵام دژی هەر جۆرە توندوتیژیی و پەلاماریی سەربازیی و بۆمبارانی فڕۆکە و تۆپبارانی ئەو وڵاتانەین، ئەگەر لایەنەکانی ململانێ سوورن لەسەر شەڕی چەکداریی و پێیان وایە، کە چارەسەری سەربازیی کێشەکان چارەسەر دەکات، ئەوە داوایان لێدەکەین ئاستێکبۆ ئەمە دابنرێت و کشەو ململانێ و کار و کردەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دووربخەنەوە".

س.ح