لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا بە کۆی دەنگ دەستلەکارکێشانەوەی سۆران عومەر پەسەند کرا، پەخشی راستەوخۆ بۆ گواستنەوەی دانیشتنەکەش، ڕاگیرا.
کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیران ناوخۆ، پیشمەرگە، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەنێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆکی دەستەی ناوچە دابڕێندراوەکان و ڤالا فەرید وەزیری کاروباری پەرلەمان، بەردەوامە.

یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنەکە، دەنگدان بوو لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ’سۆران عومەر’ و لە کۆی ٨٩ ئەندام، ٥٥ ئەندام بە بەڵێ دەنگیان دا و دەستلەکارکێشانەوەکە پەسەند کرا.
لە دانیشتنەکەدا، د.ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتی: لەماوەی ڕابردوو ناكۆكیی سیاسیی هەبوو بەداخەوە ناكۆكییە سیاسیەكە هێندرایە نێو پەرلەمان و منیش بوومە بە شێك لە كێشە سیاسیەكان، بۆیە من داوایی لێبوردن دەكەم.
لە ئێستادا ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ناوچە دابرێندراوەکان دەخوێندرێتەوە و دواتر خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بۆ راپۆرتەکە، کە لە كۆبوونەوەی ھاوبەشی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و ناوچە كورستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم سەبارەت بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ھێرشەكانی چەتەکانی داعش بۆسەر ناوچەكە، ئامادەیان کردووە.
هەروەها، راپۆرتی ھاوبەشی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەكان و پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی سەبارەت بەدۆخی ناوچە سنوورییەكان و راپۆرتی لیژنەی تەندروستیی سەبارەت بەپەتای كۆرۆنا دەخوێندرێنەوە.
هەرچەندە کۆبوونەوەکە ڕاستەوخۆ دەگوازرایەوە، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان و بە دەنگی ٦٣ پەرلەمانتار، پەخشی راستەوخۆ ڕاگیرا و دانیشتنەکە بە داخراویی بەڕێوەدەچێت.

ش.ف