پەرلەمان سەرۆکایەتیی هەرێمی هەڵپەسارد

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد.


کەمێک پێش ئێستا، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ٣٩ پەرلەمانتار، پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد.

لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پرۆژە یاسایەکیان بۆ هەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکەشی پەرلەمانی هەرێم کرد.

لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستاندا پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەم شێوەیە پەسەند كرا:

مادەی یەكەم: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نادرێت.

ماددەی دووەم/ پێكدێت لە دوو بڕگە:

١- كاركردن بە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017 دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەردەوام دەبێت.

٢- دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم لەژێر چاودێری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لە ئەركە كارگێڕیی و داراییەكانی.

ماددەی سێیەم: خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو وەرزی گرێدراوی یەكەمیدا، لەژێر ڕۆشنایی پێوەرە گشتییە دەستوورییەكان بڕیار لەسەر دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بدات.

مادەی چوارەم: كار بە هیچ دەقێكی یاسایی ناكرێت، پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە بێت.

مادەی پێنجەم: پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێبكەن.

پەرلەمان هۆکاری پەسەندکردنی یاساکەی، بۆ سازان لەسەر سیستمی حکومڕانی گەڕاندووەتەوە و بڕیاریشیداوە، کە لەگەڵ دەرچوونی، یاساکە لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان بڵاوبكرێتەوە.

لەبەرامبەر پەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایەشدا، هەریەکە لە یەكگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیان كرد.

دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکەی پەرلەمان، مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بەناوی سێ لایەنە ئیسلامییەكەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە تەلاری پەرلەمان ڕایگەیاند: ئێمە وەك لایەنە ئیسلامییەكان، سوورین لەسەر ئەو پرۆژەیەی، کە پێشتر پێشكەشمان كردووە بۆ گۆرینی سیستمی سەرۆكایەتیی بۆ پەرلەمانیی، ئەمڕۆش داوامانكردووە کە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم هەڵوەشێتەوە.

لایخۆشییەوە، عەلی حمەساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند: سپاردنی چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بە خولی داهاتوو هەنگاوێكی باشە، ئەگەر ئەوكات چارەسەرنەكرا، لەماوەی ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، داوای هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم دەكەین.

ب.ل