هەورامان جەلال
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەک لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ، لەسەر بۆردوومانەکانی تورکیا کۆبوونەوە دەکەن و داواکارن حکومەتی هەرێم وناوەند هەڵوێستیان هەبێت.
ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیانی سنوری چەمچەماڵ پێنج کەس شەهید بوون و هەمان ڕۆژ كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی بۆردومان كرد و هاڵاتییەك شەهیدبوو.
شاخەوان ڕەئوف، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەک لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمان، کۆبوونەوەیەک لەسەر بۆردوومانەکانی تورکیا بکەین و بەدواداچوونی جدیی بۆ ئەم بابەتە بکەین، ئاسایش و ئارامی هەرێممان بەلاوە گرنگە و بۆردوومان و بەزاندنەکانی تورکیا بابەتێکی گرنگە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ وتیشی: بەزاندنی سنوورەکانی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، ئەمە یەکەمجار نییە و دەیەم جاریش نیە، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم و ناوەند دەکەین، لەسەر ئەم بابەتە قسە و هەڵوێستی جدیان هەبێت و گلەیی وگازندە بگەیەننە وڵاتانی دراوسێ، ئەمە چەندەمین جارە خاکی هەرێمی کوردستان بۆمباران دەکرێت و بەزاندنی خاکی هەرێم خەریکە دەبێتە کلتور.
ئەو پەرلەمانتارە بەزاندنی خاکی هەرێمی بە نامەنتیقی ناوبرد و داواکارە، ئەم پرسە کۆتایی پێ بهێنرێت و کۆتاجاربێت و وتی: پێویستە هەموومان کار بکەین بۆئاشتەوایی و ئەم دۆخەی ئێستا دروستبووە نائاساییە و پێویستە کار بۆ ئاساییکردنەوەی بکەین ئەگەر بمانەوێ بەئاسایش بژین.
س.س