هاوسەرۆکی هەدەپە، لەگەڵ باڵیۆزە باڵاکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کۆبووەوە و باسی لە گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی و پیلانگێڕانەكانی سەر کۆبانێ و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی پەیوەست بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە کرد.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لەگەڵ هشیار ئۆزسۆی هاووتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەدەپە، لە ئێوارە خوانێکدا، کە لە لایەن نیکۆلاس مایر-لاندروت باڵیۆزی باڵا و نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا – تورکیا رێکخرابوو، لەگەڵ باڵیۆزانی باڵای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوویەوە.
بوڵدان، لە کۆبوونەوەکەدا بۆچوونی هەدەپەی سەبارەت بە قەیرانی ئابووری و سیاسیی وڵات بڵاوکردەوە و گفتوگۆکان و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر هەڵبژاردن لە ناو رای گشتیدا هەڵسەنگاند.
لەبارەی بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی، جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر دەمیرتاش، دۆزی کۆمپاس (فێڵبازانە و پیلانگێڕانە)ی کۆبانێ و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی پەیوەست بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆچوونەکانی خۆی و حیزبەکەی خستەڕوو.
هەروەها، وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانی باڵیۆزە باڵاکانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەی دایەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای گوشار و زۆرداری و دەستگیرکردن و دادگاییکردن، هەدەپە هێزی خۆی زیاتر دەکات و لە سیاسەتی تورکیادا ئەکتەری سەرەکی دەبێت.
س.س