پەکەکە لە هەرێمی کوردستان داگیرکەرە یان فریادڕەس؟.. بەڤیدیۆ

نێچیرڤان بارزانی بە هێزێکی کوردستانیی دەڵێت "داگیرکەر"، لە کاتێکدا ئەو هێزە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە پاراستنی باشوری کوردستان لە کاتی هێرشی چەتاکانی داعش، ئەو هێزە ڕێگەی لە چەندین کۆمەڵکوژیی گەورە گرت و ئێستاش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ باشوری کوردستان، ئایا ئەو هێزە داگیرکەرە یان فریادڕەس؟!


ڕۆژی ٤ی ئەم  مانگە، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا بۆ دووەمجار ڕایگەیاند، هەموو ئەو هێرش و بۆردوومانانەی تورکیا دەیکاتە سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان خەتای پەکەکەیە و پەکەکە بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە.

تورکیا لە هەرێمی کوردستان

هێزەکانی دەوڵەتی تورک و دەزگا سیخوڕیەکانی لە ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، ئەو هێزانە بە میوانداری پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، ڕوویان لە باشوری کوردستان کردووە و هاوکاری پارتییان کردووە لە شەڕی ناوخۆدا دژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەو هۆیەشەوە دەزگا ئەمنیەکانی تورکیا و هێزە سەربازییەکانی چەندین بنکەو بارەگایان لە هەرێمی کوردستاندا دروستکردووە.

ئەو بنکە سەربازی و سیخوڕیانەی دەوڵەتی تورک، بەردەوام ڕاوەدووی کەسانی ئازادیخوازیان ناوە و مەترسییان بۆسەر ژیانیان دروستکردووە، لەساڵی ڕابردووشدا پیلانێکی دەزگای میت شکستی هێنا لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە بۆ ڕفاندنی سەرکردەیەی پەکەکە دایاننابوو، لە شکستهێنانی ئەو پیلانەدا دوو پلەداری باڵای میت دەستگیرکران، کە دانیان بەوەدا ناوە کە دەزگای میتی تورکی چەندین چالاکی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە.

لەسەرو هەموو ئەوانەشەوە نێچیرڤان بارزانی، داگیرکاریەکانی سوپای دەوڵەتی تورک و دەزگا سیخوڕیەکانیان نابینێت لە هەرێمی کوردستان و پەکەکە تاوانبار دەکات بە دروستکردنی کێشە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو دژایەتیەش نابینێت کە تورکیا دژی ئەو ڕیفرانۆمە کردی کە لەلایەن بارزانی مامەوە ڕابەرایەتی دەکرا و ئێستا بە خۆشحاڵییەوە باس لەوەدەکات، کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا باش بووەتەوە و لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کردووە کە دەنگی پێویستی بەدەست هێناوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار و ئاواتەخوازە سەردانی تورکیا بکات، هەروەها کەناڵەکانیان وەک سەرکەوتنێک باس لەوە دەکەن کە نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان-دا ئامادە بوو.

پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چی کردووە؟

لە ساڵی ٢٠١٤ دا کە چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری موسڵ و داگیریانکرد، لەدوای ماوەیەک هێرشەکانیان ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد، لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر باشوری کوردستان هاوڵاتیانی باشوری کوردستان داوایان دەکرد کە گەریلا بەدەنگیانەوە بچیت و پارێزگارییان لێبکات، هێزەکانی هەپەگە-ش بەدەم بانگەوازیەکەوە چوون و چەندین گروپی گەریلا-یان ڕەوانەی باشووری کوردستان کرد و لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە پێشوازییان لێکرا.

لە ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شەنگال، لەگەڵ ئەوەی هێزێکی زۆری پارتی دیموکراتی کوردستان- لە شەنگال هەبوو لەماوەیەکی کەمدا پاشەکشەیان کرد و خەڵکی شەنگالیان بۆ چەتەکانی داعش بەجێهێشت، بەڵام لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە بەرگریکرا و تواندرا هێرشی چەتەکان خاو بکەنەوە و بەشێک لە هاوڵاتیان ڕزگار بکەن، لەپاش ئەوەی کە چەتەکانی داعش شەنگالیان بە تەواوەتی داگیر کرد، بە هەزاران هاوڵاتی شەنگال لە چیای شەنگال گەمارۆدرابوون و لەلایەن گروپێکی گەریلاوە، کە تەنها ١٢ گەریلا بوون ڕێگە لە پێشڕەویی داعش گیرا بۆ سەر چیاکە، پاشان لەلایەن هێزی دیکەی گەریلاوە گەمارۆکەی داعش شکێندرا و توانیان ڕێیەک بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە مەدەنیە ڕزگار بکەن و بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بیانبەن.

لە ئۆپراسیۆنی گرتنەوەی شەنگالدا، گەریلاکانی هەپەگە دەوری سەرەکییان گێڕا و بەشێکی سەرەکی بوون لە ڕزگارکردنی ئەو شارۆچکەیە، لەدوای ئازادکردنی ئەو شارۆچکەیە دەستیان کرد بە ڕێکخستنکردنی هاوڵاتیانی ئێزدی لەڕووی فکری و سەربازییەوە و توانییان خەڵی شەنگال بکەنە خاوەنی هێزێکی سەربازیی و مەعنەوی، بۆ ئەوەی لە دووبارە هێرشکردن بۆ سەریان، خۆیان بپارێزن.

لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٤ دا کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شارۆچکەی مەخمور و سنوری گوێر و مەترسی لەسەر داگیرکردنی هەولێر دروست بوو، گەریلاکانی هەپەگە ڕێگرییان لە پێشڕەویەکانی داعش کرد و بەشێکی سەرەکی بوون لە وەستاندنی پێشڕەوی داعش، لەبەرامبەریشدا، مەسعود بارزانی، کە ئەوکاتە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا بوو لە سەردانیدا بۆ دەڤەری مەخمور، سەردانی هێزەکانی هەپەگەی کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو بەرگریەی کە لە هەولێر و مەخمور کردوویانە.

لە دەڤەری جەلەولا و کەرکوکیش هێزەکانی هەپەگە، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، شەڕی دژی داعشیان کردووە و بەرگرییان لە هەرێمی کوردستان و باشووری کوردستان کردووە، لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا، گەریلاکانی هەپەگە، بەرگرییان لە شاری کەرکوک کرد و بازنەی بەرگرییان دروستکرد، لەدوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی پارتی و یەکێتی، گەریلاکان کۆتا هێز بوون لە کەرکوک کشانەوە.

هەروەها لە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش، کاتێک ئەردۆغان هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان دەکرد و سوکایەتی بە مەسعود بارزانی و ڕیفراندۆمەکەی دەکرد و بەوە تاوانباری دەکردن، کە فرسەتی هێناوە لە شەڕی داعش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان، ڕایگەیاند، کە ئەوان ئامادەن بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکەن ئەگەر ڕووبەڕووی هێرش ببێتەوە، بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕایانگەیاند ئێمە هەمیشە سنورەکانمان بەڕووی هەرێمی کوردستاندا کراوەیە ئەگەر دراوسێکانی دیکە سنوریان بەسەردا داخست.

لەدوای ئەو تێڕوانین و شیکردنەوانە جێگەی خۆیەتی لە نێچیرڤان بارزانی بپرسین ئایا کێ خاکی باشووری کوردستانی داگیر کردووە، دۆستە تورکەکانت یاخود ئەو گەریلایانەن کە مامت سوپاسی کردن لەبەرامبەر ئەوەی هەولێریان پاراست؟ یاخود دەکرێت پرسین دەکرێت بە هێزێک بڵێی داگیرکەر کە بەشێک لە ئەندامەکانی خەڵکی باشوری کوردستان و چەندین ڕۆڵەی باشوری کوردستان بوونەتە شەهیدی ئەو هێزەی کە پێیان دەڵێیت داگیرکەر؟!


ک.ک