پەیامنێرانی بێسنوور داوای دووبارە لێکۆڵینەوە لە کەیسی کاوە گەرمیانی دەکات

لە ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوای دووبارە لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکات.


دوێنێ ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بوو، سۆفی ئانموس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو یادەدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داواکراوە، کە جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەکان لە کەیسی کاوە گەرمیانی دەستپێبکاتەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانی لەپشت تیرۆکردنەوەکەبوون، دەشڵێت:"لە هەمان کاتدا داوا دەکەین لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، پارێزبەندیی بۆ هیچ کەسێک نەکرێت، بەو پێیەی ئەو پارێزبەندییە ئەو گروپانە دەپارێزێت کە ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج".

رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە جگە لە کاوە گەرمیانی، پێشتر لە هەرێمی کوردستان چەندین ڕۆژنامەنووسی دیکە تیرۆرکراون بەبێ ئەوەی بکوژانیان ڕادەستی دادگا بکرێن، لەوانە؛ وەدات حسێن، نۆژیان ئەرهان، سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە.

کاوە گەرمیانی، سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری ڕایەڵ لە گەرمیان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و بەدواداچوون لەسەر گەندەڵیی بەرپرسان، واتا بەهۆی کارە ڕۆژنامەوانییەکانییەوە، شەوی ٥ی ١٢ی ٢٠١٣ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەلار تیرۆرکرا، هەرچەندە کەسێک لەسەر ئەو تیرۆرە سزای زیندانیی هەتاهەتایی دراوە، بەڵام تا ئێستاش دەستی پشت تیرۆرکردنەکە ئاشکرانەکراوە.

ش.ف