بڕوا ئەسعەد
هونەرمەندانی شاری سلێمانی، جەژنی ڕەمەزان پیرۆز دەکەن و هیوا دەخوازن، ئەم جەژنە جەژنی ئاشتەوایی بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو مسوڵمانانی دونیا بهێنێت.
سبەینێ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە و هونەرمەندانی شاری سلێمانییش پەیامی خۆیان بۆ ئەو جەژنە دەگەیەنن.
حەمەعەلی خان، ئەکتەر و شانۆکار، پیرۆزبایی جەژن لە گەلی کورد و گەلانی جیهان و بەتایبەت بینەرەکانی دەکات و هیوا دەخوازێت، ئەم جەژنە ببێتەهۆی ئاشتەوایی بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو مسوڵمانانی دونیا.

زاهیرعەلی، ئەکتەرە و وێرای پیرۆزبایی هیوای جەژنێکی پڕ خۆشیی دەخوازێت، پەیامیش بۆ بینەرەکانی دەنێرێت و دەڵێت: هاتاکو تەمەن ڕێگەبدات بەردەوام دەبم و ئەوەی بە من بکرێت کەمتەرخەمیی ناکەم.

هونەرمەند زاهیر غەریب-یش، هیوادەخوازێت، لەم جەژنەدا ئاشتیی و تەبایی و خۆشەویستیی بۆ کۆمەڵگای کوردیی بگەڕێتەوە، ئیدی نەهامەتی شەڕ کۆتایی پێبێت و خەڵک بە ژیانێکی و خۆش و سادە و بە ئاشتیی و ئارامیی بژین.

ئەکتەر و شانۆکار، قادر جەلال، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانی جیهان بەگشتی و موسڵمنانی کورد بەتایبەت دەکات، هیوادەخوازێت ئەم جەژنە و ڕۆژەکانی دوای جەژن، ببێتە مایەی ئارامیی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی بەشمەینەتی کورد.

قادر جەلال، مژدەی بەرهەمێکی نوێ بە بینەرەکانی دەدات و دەڵێت: بەمزووانە لە تازەترین درامام بە ناوی ‘باران’ کە بەشداریم تێیدا کردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، بە دیدەی بینەرانم شاد دەبێت و هیوادارم بە دڵی بینەرانم بێت.
ش.ف