مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، پەیامێکی گرنگی لە بارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و ڕێککەوتنی نێوان پەدەکە – حکومەتی عێراقدا و ڕایگەیاند، خۆسەریی و خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ ئەوان پرسێکی ئەخلاقیە و وتی: “شەنگال با خۆسەر بێت، کام ئێزدیە بەڕێوەی دەبات با بیبات.”
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان پەدەکە -حکومەتی عێراق و دوایین پێشهاتەکان بۆ مەدیا هابەر قسەیکرد.
لەسەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند “ئێستا دەڵێن، ‘نازانین پەکەکە بە تەمای چیە ئێوە دەبێت خۆبەڕێوەبەریی ئێزدییەکان قبوڵ بکەن، نەک خۆسەری پەکەکە، ئێوە دەبێت خۆسەریان بدەنێ.”
لەم بارەیەوە قەرەسوو زیاتر ڕوونکردنەوەیدا و وتی: “کۆمەڵگای ئێزدی ئەو ڕێککەوتنەیان قبوڵ نەکرد، چونکە هیچ ئێزدییەک لەو پەیمانەدا جێی نەگرتووە، هیچ ڕێکخراوێکی ئێزیدی تێیدا نیە، هیچ کەسێکی بە ناوی ئێزدییەکانەوە تێیدا نیە، ٧٤هەمین فەرمان لە دژی ئەو کۆمەڵگایە درا، زۆری نەمابوو بە تەواوەتی لەناو بچێت، ئەم گەلە ئەزموونی لەمە وەرگرت، نایانەوێت جارێکی دیکە ڕووبەڕووی فەرمانێکی تر ببنەوە، فەرمانێکی تر بە واتای پاکتاوبوونیان دێت، ئەوەی ڕاستی بێت زۆری نەمابوو لە فەرمانەکەی ئەم جارەدا کۆتاییان پێیبێت، ئەم گەلە قبوڵی نەکرد، کەوایە دەبێت ئیرادەی ئەم گەلە لەبەر چاو بگیرێت”.
قەرەسوو لە درێژەی قسەکانیدا پرسیاریکرد و وتی: ئایا ئەم خۆسەرییە لە دژی کێیە؟ ئایا لە جیهان خۆسەری بوونی نیە؟ ئەوروپا، ئەمریکا بۆچی خاوەنداری لە مافی خۆبەڕێوەبەری ئەم گەلە ناکەن؟ زۆری نەمابوو پاکتاو بکرێن، ئایا ئێزدیەکان لێرە بە نیازن دەوڵەت بونیاد بنێن؟ ئایا بە نیازن بڵێن، ‘ئێمە لێرە، لە شەنگال دەوڵەتمان بونیاد نا’؟ ئایا شتێکی بەم شێوەیە هەیە؟”
قەرەسوو، لە بەردەوامی قسەکانیدا دەپرسێت، ئەم خۆسەرییەی ئێزدییەکان چی زیانێک بە پەدەکە و بەڕێوەبەرانی باشوری کوردستان دەگەیێنێت و بەمشێوەیە وتی: “لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی لێبکەن، ئەمەیە هەڵوێستیان، بە ڕاستی ئێمە لێی تێنەگەیشتین، باس لە ناردنی ١٠ هەزار پۆلیس دەکرێت بۆ شەنگال، ئەمە بۆچی؟ ئەم گەلە لەوێ دەتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت، نابێت لەبەر فشارەکانی دەوڵەتی تورک ئەمە بکرێت”.
مستەفا قەرەسوو، زیاتر قسەیکرد و وتی: پەکەکە خۆی لەوێ کشاندووەتەوە، ئێمە دەڵێین با لێرە خۆسەری هەبێت، کێ بەڕێوەی دەبات با بیبات، تەنها با ئێزیدییەکان خۆیان بن، با ئێزدییەکانیش خاوەنداری لە خۆسەریان بکەن، ئێزدییەکانی نزیک لە پەدەکە و ئەوانەی نزیک لە یەنەکەش با داوای خۆسەری بکەن، بۆچی نایانەوێت؟ ئەگەر ئێزدییەک خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری نەوێت، ئەوا ئێزدییەکی ڕاستەقینە نییە، با داوای خۆسەری بکەن، هەر بیروبۆچوونێکی هەیە با کێشە نیە، تو خۆت بەڕێوەببە، ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٤دا تۆ خۆت بەڕێوە ببردایا، بارودۆخەکە نەدەگەیشتە ئێرە، لە زێدی خۆت ڕات نەدەکرد، بەڕێوەبەرایەتیەکەت خۆڕاگری دەکرد.
مستەفا قەرەسوو، وتیشی: با عێراقیش ئەم پرسە بە دیالۆگ لەگەڵ ئێزدییەکان چارەسەر بکات، پەدەکەش با ڕێز لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بگرێت، ئەمە نرخێکی زیاتر دەدات بە پەدەکە، هەروەها نرخی عێراقیش زیاتر دەبێت، ئێزدییەکان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریان بونیاد ناوە و عێراقیش قبوڵی کردووە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەوا عێراق گەورە دەبێت، سیماکەشی دەگۆڕێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا مستەفا قەرەسو، ڕایگەیاند، ئەوەی ئەوان دەڵێن بریتیە لەوەی، دەبێت خۆسەریی ئێزدییەکان هەبێت، خۆیان بەڕێوەببەن و وتی: “هەڵوێستی ئێمە تەنها هەڵوێستێکی ئەخلاقی و ویژدانیە، دەبێت هەڵوێستەکان هەموویان ئەخلاقی و ویژدانی بن، ئێستا دەڵێن، ‘پەکەکە بە نیازی چییە’، ئێوە دەبێت خۆسەریی ئێزدییەکان قبوڵ بکەن، نەک خۆسەری پەکەکە، دەبێت خۆسەریان بدەنێ، با هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکدا کام ئێزدییە هەڵبژێردرا، با ئەو بەڕێوەی بەرێت، ئیرادەی خۆیانە، ئەمەیە هەڵوێستمان، کێشەکان بە دروستکردنی ئاڵۆزیی چارەسەر نابن، هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئیزدییەکان، کارەکتەریان دەخاتەڕوو، بەچی شێوەیەک نزیک دەبیتەوە لە ئێزدییەکان، ئەخلاق و ویژدانت، بۆچوونی سیاسیشت، بەهەمان شێوەیە، ئەمە پێوانەیە، بۆ هەر تاکێک بێت یا پارت و ڕێکخراوێک، بۆ دەوڵەتانیش ئەمە پێوانەیە، ئەرکی سەر شانی هەموو کەسێکە هاوکاری خۆسەریی ئێزدییەکان بکات.”
ک.س