جوتیارانی دەشتی كۆیە، ڕایدەگەیەنن، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوكاریی پەدەكە و ماڵباتی بارزانییە و داوا لە كورد پەروەرانی ناو پەدەكە دەكەن، “چیتر بە فیتی بنەماڵەی بارزانی هەڵنەخەڵەتێن و بەو نۆكەرایەتیە ڕازی نەبن، كە ئێستا بووەتە چاوساغی سوپای تورك”.
شەوی ١٧ی ئەم مانگە، دەوڵەتی داگیركەری تورك هێرشی زەمینی بۆسەر چیای كوڕەژارۆ، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە ئامێدیی دەستپێكرد، ئەوەش لەكاتێكدایە لە ١٥ی مانگە هێرشی ئاسمانیی بۆ ئەو ناوچەیە دەستپێكردووە و لە ماوەی چوار ڕۆژدا ١٤٧ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و پەدەكەیش دەستی بە ناردنی هێزێكی زۆر كردووە بۆ ناوچەی شیلادزێ و دێرەلووك.
لەسەر ئەو هێرشە نوێییەی دەوڵەتی تورك جووتیارانی دەشتی كۆیە هاتنە دەنگ و لەوبارەیەوە، جاسم كوێخا، كە جووتیارێكی گوندی عەوداڵانە لە دەشتی كۆیە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە ئەو بۆردوومانانەی دەوڵەتی تورك ئیدانە دەكەین و زۆرمان پێ ناخۆشە، چونكە زیانی بۆ هەموو كوردستان هەیە.

ئەو جووتیارە دەڵێت: توركیا بە پاڵپشتی پەدەكە و بە تایبەتی بنەماڵەی بارزانی هێرش دەكاتە سەر باشووری كوردستان، لەكاتێكدا هەموو ئەو ناوچانە كوردستانە و ئەوەی لێی دەژی كوردە و كەسوكاری ئێمەن، بۆیە داوا لە كەسە بەهەڵوێست و كورد پەروەرانی ناو پەدەكە دەكەم، چیتر بە فیتی بنەماڵەی بارزانی هەڵنەخەڵەتێن و بەو نۆكەرایەتیە ڕازی نەبن، كە ئێستا بووەتە چاوساغی ئەرتەشی تورك.
سەفین نەجمەدین، یەكێكی ترە لەو جووتیارانەی دەشتی كۆیە و داوا لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات ڕووی چەكەكانیان بەرامبەر بە كورد ڕانەگرن و دەڵێت: كاتێك دەڵێی پەدەكە یانی جێبەجێكاری ئەجێندای تورك، چونكە لەئێستادا باشووری كوردستان سیادەی نەماوە و توركیا بە ئاشكرا دەیەوێت ویلایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە سەر قەڵەمڕەویی خۆی، هەربۆیە پەدەكە لەم پلانەدا بەشداریی دەكات.

هەر لەسەر ئەو پرسە، هونەر سەلیمی، جووتیارێكی ترە و بە نیگەرانییەوە باس لە هێرشەكانی توركیا دەكات و جەختدەكاتەوە، كە ئەو هێرشانە تەنیا بۆ سەر قەندیل نیە بەڵكو بۆسەر تەواوی كورد و كوردستانە و وتی: ئامانجی توركیا بردنی سەروەت وسامانی هەرێمی كوردستانە ناوچەی پەكەكە وەك بەهانە بەكار دەهێنێت، هەربۆیە داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستان دەكەم ناڕەزایی وخۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام بدەن دژی هێرش و داگیركاریەكانی توركیا.

مكایل حمید، جووتیارێكی تری سنورەكەیە و باس لەوە دەكات، سنووری پارتێكی دیاریكراو تەسلیمی توركیا كراوە و حكومەتیش، چونكە لە یەنەكە و پەدەكە پێكهاتووە، هیچ هەڵوێستێكی نیە.

داواش لە حكومەتی عێراق دەكات، چیتر بێدەنگ نەبێت لەسەر ئەو هێرشانە كە سیادەی عێراقی شكاندووە و بە پێویستی دەزانێت، هێز و ڕێكخراوە كوردییەكان چالاكی جۆراو جۆر ئەنجام بدەن تا سنوورێك بۆ توركیا و هاوكارەكانی دادەنرێت، لەبەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایەی دەیكاتە سەر خاكی باشوری كوردستان.
ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕابردوو، کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە بڵاویكردەوە سوپای تورک و پەدەكە پیلانیان داناوە هێرش بۆ سەر گەریلاکان دەستپێبکەن، بۆئەوەش سیناریۆیەكی مەترسیدار داڕێژراوە و پەدەكە بەشدار دەبێت لە هێرشەكاندا و داوایشیكرد، ڕێگریی لەو پیلانە بکرێت، چونکە ستاتۆ و دەستکەوتەکانی کوردستان دەخاتە مەترسییەوەز
ڕۆژی ١٥ ئەم مانگەیش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ شاندێكی پەدەكەدا لەگەڵ رشەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای سیخوری دەوڵەتی تورك كۆبویەوە و دوابەدوای كۆبونەوەكە هێرشی ئاسمانی بۆسەر باشوری كوردستان دەستیپێكرد.
س.س