دووشەممە, 10 سبت 2018 – 15:12 ڕۆژنیوز- ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە، ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی هێرشەکانی حکومەتی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و لە سێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی، بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پەیەدە-دا، هاتووە، کە پەیەدە، پێشێلکردنی سەروەری عێراق بە توندی شەرمەزار دەکات و دەڵێن:”ئەم سیاسەتەی ئێران لە دژی دۆزی ڕەوای گەلی کوردە لە ئێران، ئەو کارانە تەنها شەڕ لە ئێران گەرمتر دەکات وادەکات نەتواندرێت سیستمێکی نوێ لە دەسەڵاتی ئێستای ئێران دروست ببێت“.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا وتراوە، کە پەیەدە، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بڕوای وابووە، هیچ نەتەوەیەک نابێت لە سەر حاسبی نەتەوەیەکی تر پێکبێت، دەشڵێن:”سەپاندنی بە زۆری یەک مەزهەب بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا، بێ سوودە و ئێران وەک تورکیا لە قەیراندایە و دەیەوێت بە دەستوەردانی لە وڵاتانی دیکە لە کێشەکانی خۆی ڕزگاری ببێت، لە بەرپرسیارێتییە نێوخۆییەکانی ڕابکات“.
پەیەدە، لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، سەرەخۆشی لە گەلی کورد دەکات و هەروەها هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت و دەشڵێت:”پێکەوەژیانی گەلانی ئێران بە بەڕێوبەرییەکی دیموکراتی دروستدەبێت“.
س.ح