پەیەدە: عەفرین ئازاد دەکرێت

ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی - پەیەدە لە دووهەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند، عەفرین ئازاد دەکرێت و هاوڵاتییانیی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.


 دەوڵەتی تورک لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ دەستی بە هێرشی داگیرکردنی عەفرین کرد، دواجاریش لە مانگی ئازاردا شارەکەی داگیر کرد.

ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی - پەیەدە لە ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپا تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەی پەیەدەدا هاتووە:

"لە ٢٠/٠١/٢٠١٨ فاشیزمی تورک بە پێی ڕێکەوتنێکی زلهێزەکانی جیهان دەستی بە هێرشی سەر عەفرین کرد و تەنها بژاردەی هاوڵاتییانی عەفرینیش لە دژی ئەو هەنگاوە پاراستنی پرۆژەکەیان بوو، هاوکات لە دژی هێرشە دڕندانەکان کە بە چەکی ناتۆ ئەنجام دران، خۆڕاگریی سەردەم بەڕێوە چوو، دوژمن هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی کە دژی بە ئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنییە، پێشلکرد و لە ئەنجامدا بە هەزاران هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی عەفرینیش لە زێدی باو و باپیرانیان ئاوارە بوون.

فاشیزمی تورک و چەتەکانی لە دژی ئەو هاوڵاتییانەی ماڵ و موڵکیان بەجێ نەهێشت، پلانی ڕفاندن، تاڵانکردن، هەڕەشەی کۆچبەرکردن بە زۆرەملێ و دواتر جێگیرکردنی چەتە و کەسوکارییان، جێبەجێکرد، جگە لەوەش سامانی سەرعەرز و شوێنەرەکانیان بە تاڵان برد و دزییان و ماڵی هاوڵاتییانیان سووتاند، تا ئێستاش ئەم بنپێکردنانە بە زیهنییەتی هێزە زلهێزەکانی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سوریاوە بەردەوامە، لەلایەکی دیکەشەوە فاشیزمی تورک ناهێڵێت هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن یان ڕێکخستنێکی مرۆیی سەربەخۆ دەربازی عەفرین ببێت، بۆ ئەوەی بنپێکاریی و تاوانەکانی ئاشکرا نەکرێن، هەروەها فاشیزمی تورک و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر ئاوارەکانی ناوچەی شەهبا، کۆمەڵکوژییەکەی تل رفعەتیش سەلمێنەری تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەتی لە دژی خەڵکی مەدەنی، بە تایبەت منداڵان.

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خۆڕاگریی هاوڵاتیانی عەفرین بەردەوامە و ڕۆژەکان دەژمێرن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

عەفرین، برینی ناو دڵی گشت کوردە، شکۆی هەموو مرۆڤە خاوەن شکۆکانە، کە خیانەت و هێرشی پێقبوڵ ناکرێت، هاوکات برینی ناو دڵی هەموو پارێزەرانی نرخی مرۆڤایەتی و ئەخلاتییە و پێویستە هاوڵاتییانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر ئەو خاکەو ببێتە ناوچەیەکی ئارام بۆ دانیشتوانی.

ئێمە وەک ئەنجومەنی گشتی پەیەدە باش دەزانین کە هێرش و داگیرکردنی عەفرین یەکەم هەنگاوی داگیرکردنی سەرتاسەری باکوری سوریا یە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی و لەگەڵ ئەوەشدا داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانیش دەستیپێکرد، تا ئێستاش فاشیزمی تورک بەردەوامە لە سیاسەتەکانیدا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی میساقی میللی، بۆیە ئەمە پلانێکە لە دژی سەرتاسەری کوردستان پەیرەو دەکرێت و پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان و کوردستانییەکان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە یەک بگرن و ببن بە یەک، هاوکات پارتەکەشمان پێشەنگ دەبێت لە خۆڕاگریی لە دژی داگیرکەری تا ئەو کاتەی خاکەکەمان کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیر کراوە، ڕزگار بکرێت.

دواجار عەفرینییەکان دەگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان و ڕزگارکردنەکەشی دەبێتە سەرەتای هەڵوەشاندنی عوسمانیی نوێ.

د.ع