شەممە, 4 أبر 2020 – 07:59 ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
https://www.youtube.com/watch?v=bzz7-WIqXhc&feature=youtu.be”>
سیاسەتمەداران و نووسەران-ی باشوری کوردستان بەبۆنەی ٤ی نیسان، ٧١مین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، لەبارەی پێشنیازەکانی ئۆجالان بۆ چارەسەریی کێشە و قەیرانەکان و هۆکاری بەرجەستەنەبوونی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی کە بەرهەمی فکری ئۆجالانە لە باشوری کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
ڕووناک مەجید، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێیوایە، لەدایکبوونی هەر ڕێبەر و سەرکردەیەک کە بتوانێت کێشەی گەلێک چارەسەر بکات، بە قۆناغێکی نوێبوونەوە و ژیاندنەوە دادەنرێت و دەڵێت: فکر و فەلسەفەکانی بەڕێز ئۆجالانیش بەردەوام لە گۆڕاندایە و لە قاڵبێکدا نامێنێتەوە، بۆ نموونە شکستهێنانی سۆسیالیزمی جیهانیی بەهۆی چەقبەستووییەوە بوو، کە نەیتوانی خۆی نوێ بکاتەوە بۆیە شکستیهێنا، بەڵام فکری ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە و لەگەڵ سەردەمدا دەگونجێت.
لەبارەی ڕێگرییەکانی بەردەم بەرجەستەبوونی فکری ئۆجالانەوە لە باشوری کوردستان و ناوچەکە بەگشتیی، دەڵێت: دەسەڵاتدارێتیی نەخۆشییەکە کە بێجگە لەخۆی هیچ شتێکی دیکە قبوڵ ناکات، دەسەڵاتدارێتیی و دەوڵەت-نەتەوە دوو کیشەی جیهانین و باشوری کوردستانیش بووەتە قوربانیی ئەم سیستمە، بۆیە ئەو حزبانەی لە باشوری کوردستان دەسەڵاتدارن بە گوشار ڕێگا نادەن سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسیی لە باشور بەرجەستە ببێت.
ڕووناک مەجید، دەشڵێت: چارەسەرییەکانی بەڕێز ئۆجالان بۆ ژینگە باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخە، بۆ نموونە سیستمێکی تەندروستیی ژینگەپارێز و پیشەسازییەک کە بتوانێت ژینگە بپارێزێت بەشێکن لە چارەسەرییەکانی بەڕێز ئۆجالان، بۆیە ئەگەر بەڕێز ئۆجالان لە دەرەوەی زیندان بێت ئەوا هەلی زیاتری بۆ دەڕەخسێت بۆ بەرجەستەکردنی چارەسەرییەکانی، لەبەرئەوە پێویستە دەنگەکان بۆ ئازادیی بەڕێز ئۆجالان بەرزبکرێنەوە.
هەروەها ڕێکەوت ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات، کە لە زۆربەی وڵاتاندا ئاستەنگیی هەیە بۆ قەتیسکردنی فکری بەڕێز ئۆجالان و دەڵێت: بەڕێز ئۆجالان نوێنەرایەتیی گەلانی بندەست و شۆڕشێکی سەرتاسەریی دەکات لە دنیادا، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هەمیشە خوێندنەوە و تێزەکانی ئۆجالان وەڵامدەرەوەی ئەو کێشە و قەیرانانە بووە، کە سیستمی سەرمایەداریی تێیکەوتووە، باشوری کوردستانیش بووەتە بەشێکی بەکارهاتوو لەو سیستمە سەرمایەدارییە، بۆیە ڕێگا بە بەرجەستەبوونی ئەو فکرە نادات.
دەشڵێت: ئەو مۆدێلەی بەڕێز ئۆجالان پێشکەشی کردووە، تایبەت نییە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو هەڵقوڵاوی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئێمە ئەگەر بمانەوێت قەیرانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان تێبپەڕێنین، دەبێت خوێندنەوە بۆ تێزەکانی بەڕێز ئۆجالان بکرێت و بخرێتە پراکتیکەوە.
ڕێکەوت ئیسماعیل جەختیش دەکاتەوە، کە بەڕێز ئۆجالان بەتەواوەتیی دەتوانێت ئەو کێشانەی هەن چارەسەریان بکات، “بەڵام دەبێت هاوکێشەی سیاسیی لە ناوچەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و ئەقڵییەتی سیاسیی بەڕێوبردن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا جێبەجێ ببێت، بەڵام ئەمەش تەنها بەلایەنێک ناکرێت و دەبێت سەردەمێک بێتە پێشەوە کە تێزەکانی بەڕێز ئۆجالان بەجددیی وەربگرێت”.
ک.س