چالاكوانان: دەبێت حكومەتی هەرێم وەڵامی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بداتەوە

چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی لەسەر داگیركارییەكان و پەلامارەكانی دەوڵەتی تورك دەڵێن: پێویستە حكومەتی هەرێم بەفەرمی وەڵامی سنور بەزاندن و هێرشەكان بداتەوە، دەشڵێن: پێویستە حیزبەكانی باشوری كوردستان لەبڕیاردان یەك هەڵوێستبن، بۆ ئەوەی ئەو ئەزمونەی كورد هەیەتی گەورەتری بكەن و بیپارێزن.


لەسەر پەلامار و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك و نەبوونی یەكڕیزی نەتەوەیی لەناو حزبەکانی باشوری كوردستان چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی و مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

وەرزێر جەمال، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، وتی: بەدرێژایی مێژوو دەوڵەتی تورك نەیار و دووژمنێكی سەر سەختی كورد بووە لەهەر چوار پارچەی كوردستان، دەسەڵاتی تورك پەیامێكیشی هەیە ئەویش سڕینەوەی ناو و ناسناوی میللەتی كوردە.

بە بۆچوونی ئەو چالاكوانە، پێویستە حكومەتی هەرێم، هەروەها هاوڵاتیان خۆیان بەرگریی لە ماف و داخوازییەكانی خۆیان بكەن، چونكە وڵاتانی دەرەكیی سیاسەت لەسەر بنەمای وەفا و دڵسۆزیی بۆ كورد ناكەن، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژوەندییەكانی خۆیان سیاسەت لەگەڵ  كورد دەكەن.

ئەو چالاكوانە، وتیشی: بۆ ئەوەی ڕووبەڕوی زوڵم‌و ستەمی وڵاتانی داگیركەر بینەوە،پێویستە هەر چوار پارچەی كوردستان یەك دەنگ بن،"چونكە تائێستا ناتوانین وتارێكی نەتەوەیی باشمان هەبێت لەپێناو چەسپاندنی نەتەوەی کورد".

 قومریە محەمەد، كە چالاكوانێكی تری مافەكانی ژنانە، لەسەر هەمان بابەت بۆ ڕۆژنیوز، وتی: هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بەپێی یاساو دەستورە نێودەوڵەتییەكان دژی یاسای گەلان و وڵاتانە، پێویستە حكومەتی هەرێم بەفەرمی وەڵامی ئەو جۆرە سنوور بەزاندن و بۆردوومانانەی دەوڵەتی تورك بداتەوە، چونكە ناكرێت دەوڵەتانی دراوسێ بەبێ گوێدانە هیچ یاسا و ڕێنماییەكی نێودەوڵەتیی سنوورەكانمان ببەزێنن.

 قومریە، هۆكاری بۆردومانەكانی دەوڵەتی تورك بۆ  بێهێزی یەكێتی نەتەوەیی كورد دەگەڕێنێتەوە، "چونكە لەناو خۆماندا سستین یەك دەنگ نین، جگەلەوەش ئەو ناسەقامگیرییە سیاسیەی ئێستا لە باشووری كوردستان هەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەمان لەلایەن وڵاتانی دراسێوە لاواز بێت، تا ناسەقامگیریەكەش بەو شێوەیە بەردەوام بێت ناتوانین بەپێی پێویست بەمافەكانی خۆمان بگەین".

ئەو چالاكوانەی مافەكانی ژنان باسی لەوەشكرد،"پێویستە حزبەكانی باشوری كوردستان هاودەنگ و هاوسەنگ بن پێكەوە، بۆ ئەوەی ئەو ئەزمونەی كورد هەیەتی گەورەتری بكەن و بیپارێزن، ڕێگە نەدەن ببین بەئەڵقە لەگوێی وڵاتانی دەرەكی چونكە ئێمە گەلێكین مافی خۆمانە خاوەنی كیان و ئیرادەو دەوڵەتی خۆمان بین".

ك.س