چالاکیی خەڵکی شەنگال، دژی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال و بە ئامانجی پشتیوانیی لە ئاسایشی ئێزدخان، لە ٥٧ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە، چالاکوانانیش ڕایدەگەیەنن: بەم چالاکییە شەنگال بووەتە قەڵای بەرخۆدان.
لەڕۆژی ٢ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، هاوڵاتیانی شەنگال لەدژی ڕێککەوتنی پەدەکە و بەغدا لەسەر شەنگال و بە مەبەستی پشتیوانیی لە ئاسایشی ئێزدخان، لەبەردەم ناوەندی ئاسایشی شەنگال چادریان هەڵداوە و دەستیان بە چالاکیی کردووە.
بە دروشمی ”ئێمە هەموومان ئاسایشین” چالاکییەکە لە ٥٧ـەمین ڕۆژی خۆیدا لەلایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی شەنگالەوە بەردەوامە و خەڵکی شەنگال تاکو ئێستا چەندین جار داواکارییەکانیان پێشکەشی بەرپرسانی بەغدا کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکی ئەرێنییان وەر نەگرتووە، هەر بۆیە خەڵکی شەنگال ڕایدەگەینن؛ تا داواکارییەکانیان پێک نەیت بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.
بەو مەبەستەش ڕۆژانە خەڵکی شەنگال، کۆمەڵ بە کۆمەڵ سەردانی شوێنی چالاکییەکە دەکەن و پشتیوانی لە چالاکییەکە دەردەبڕن.
عەدۆلێ شەمۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دوگرێ لەسەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان وتی: بە چالاکیی پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدیخان، شەنگال بووتە قەڵای بەرخۆدان، عەگیدگەلێک وەک زەردەشت، حەمید و عزەدین و شەهیدانێک کە خوێنیان بۆ شەنگال ڕشت لێرە هەن، شەنگال لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان سەر دانانوێنێت، شەنگال لەسەر هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، بە خوێنی شەهیدان ڕزگار کراوە، ئەردۆغان بەو ئاسانییە ناتوانێت قاچی بنێتە ناو شەنگالەوە.
لوقمان حسێن ئەندامی ئەنجومەنی شەنگالیش وتی: هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک نوێ نییە، باب و باپیری ئەردۆغانیش ویستیان دین و کلتوری ئێزدی لەناو بەرن، بەڵام گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتی قڕکردنە بەرخۆدانیان کرد و لە بەرامبەر فاشیزمی ئەردۆغانیش بەرخۆدان دەکەن.
ب.ک