چالاکوانانی ڕانیە باس لەوە دەكەن، مەترسی گەورە لەسەر گەلی کورد هەیە و دەڵێن: پێویستە گەل یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت، دژی هێرش و پەلامارەکانی داگیرکەران بوەستێتەوە و چیتر بێدەنگ نەبێت،
هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر هەرێمی كوردستان ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامییان هەیە و ڕژێمی ئێرانیش لەگەڵ ئەوەی نزیكەی دوومانگە هێرشی بۆسەر بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم دەستپێكردووە، هەرشەشەی هێرشی زەمینی دەكات.
لەسەر ئەو هێرشانە، چالاکوانانی مەدەنی لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین هۆشداری دەدەن و لەوبارەیەوە، فەقێ محەمەد، چالاکوانی شارۆچکەی ڕانیە بە ڕۆژنیوزی وت: بۆ ڕێگری کردن لەو هێرش و پەلامارانەی کە دەکرێتە سەر خاکی کوردستان بەتایبەت ڕۆژ ئاواو باشووری کوردستان، پێویستە گەل یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت و بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانەی کە دەکرێتە سەر خاکی کوردستان.

ئەو چالاكوانە هۆشداری دەدات، كە مەترسی گەورە لەسەر گەلی کورد هەیە و داوا لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێڕاق دەكات، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەرخەت، بۆ ڕێگری کردن لە هێرش و پەلامار مەترسیانەی کە لەلایان دەوڵەتانی داگیر کەرەوە هەیە بۆسەر گەلی کورد.
چالاكوانان یەك دەنگی و یەكهەڵوێستی گەلی كورد دژ بە هێرش و مەترسییەكانی سەر كورد، بە زەروریەتی قۆناغەكە دەزانن.
هەژار محەمەد، چالاکوانێکی تری ڕانیەیە ودەڵیت: بەحساب ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە پارێزراوە، بەڵام دەبینین کە بەردەوام لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکان و فڕۆكەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومان دەکرێت و ئەوانیش بێدەنگ و بێهەڵوێستن .

دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە پێشکەوتو ترین چەک هێرش دەکەنە سەرخاکە کەمان و لەشکرکێشی دەکەن و هیچ حساب بۆ یاسا نێودەوڵەتیەکان و دنیا نەکەن، بۆیە داوا لە جیهان دەکەم، پێش لە لەشکری تورک و ئێران بگرن، تا چیتر هێرش و پەلاماری سەر خاک هاوڵاتیانمان نەکەن .
س.س