سێشەممە, 7 أغس 2018 – 12:05 ڕۆژنیوز – سەمیرا شەهابی
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پەراوێز خراو ڕێگەنەدرا بەشداری پرۆسەکە بکات، وە هەروەها لەگەڵ نزیکبوونەوەی پرۆسەکەش ناوی کەسایەتی و حزبەکان دەزڕێنرێت و تانەیان لێدەدرێت.
لەوبارەیەوە یەعقوب کاکل، چالاکوانی سیاسی، لە لیدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز پێیوایە، کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو دونیادا بەشێکە لە دیموکراسی، بەڵام لەهەر هەرێمێک کە پرۆسەی هەڵبژاردن هەبوو مانای ئەوە نییە کە ئەو هەرێمە یان وڵاتە دیموکراسییە، دەشڵێت “بۆ نمونە لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بینیمان کە چ ساختەکارییەکی زۆر کرا و وایکرد، کە جارێکیتر خەڵک بڕوای بە هەڵبژاردن نەمێنێت”.
یەعقوب، ئاماژە بەوەکرد، حزبێک کە حکومڕان بوو لە هەرێمی کوردستان مەرج نییە کە دیموکراسیەت و دیموکراتیەتی بەناوەکەیەوە بێت ئەوە دیموکراتبێت، بۆ ئەوەش ‘پارتی دیموکراتی کوردستان’ وەک نمونە دەهێنێتەوە و دەشڵێت: گرنگ ئەوەیە کە بە کرداری مافی گەلەکەی بدات و دیموکراتیەت پیادە بکات، هەوڵ دەدرێت کە پارتێکی وەک تەڤگەری ئازادی لە هەڵبژاردن دووربخرێتەوە، یاخود هەندێک کاندیدیش بە بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست لەبەرچاوی کۆمەڵگە ڕەش دەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە ئەو کاندیدە دەنگێکی زیاتری هەیە لە هەموو حزبەکان، وە ئەمانە بەهەموو شێوەیەک دژی یاسایە و پێچەوانەی هەموو ئەو ڕێسا و یاسایانە کە کاری بۆ دەکرێت.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێت: لە هەولێر حزبی ئۆپۆزسیۆن نەماوە، لە سلێمانیش ئیش بۆ ئەوە دەکەن کە ئۆپۆزسیۆن نەمێنێت، دەست دەخەنە ناو حزبەکان و کەسایەتی و سەرکردەکانیانەوە، لە ڕێگەی ماددی و میدیایی هەوڵدەدەن کە ئۆپۆزسیۆن نەهێڵن، وە خۆیان هەرچیان ویست ئەوە بکەن، کەس نەبێت بەرهەڵستیان بێت.
سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەمانی ئۆپۆزسیۆن، یەعقوب وتی: ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەمێنێت ئەوە مافی خەڵک زیاتر پێشێل دەکرێت، ئەو مووچەیە کە بەچەند مانگێک دەدرێت ئەو کاتە هەر نامێنێت و کەس نامێنێت ببێت بە بڵندگۆی چینە پەراوێزخرانی کۆمەڵگە.
هەروەها هەردی ئەحمەد، چالاکوانێکی دیکەی مەدەنییە و باس لەوە دەکاتە، کە پرۆسەی دیموکراسی لە پاشەکشەدایە و دەڵێت “بۆ نمونە لە کۆمسیۆندا کە دەبوو سەربەخۆ بێت و دیموکراسی بێت، کەچی لە ناویدا پشک پشکێنە و حزب حزبێنە هەیە، بۆیە کۆمسیۆن هەرشتێک بچێتە چوار چێوەی بەرژەوەندی حزبەکەیانەوە ئەوە دەکەن، دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت دیموکراسی وێنا بکات، بەڵام لە ڕاستیدا بە کرداری دیموکراسی نابینرێت، بەردەوام پێشێلکاری و ساختەکاری دەبینرێت لە هەڵبژاردنەکاندا.
ئەو چالاکوانە وتیشی: لە هەڵبژاردن کە پرۆسەیەکی دیموکراسیە هەندێک حزب دوردەخرێنەوە وەک تەڤگەری ئازادی، لە کاتێکدا کە تەڤگەری ئازادی حزبێکی مەدەنی و بێ کێشەیە، بە کۆمەڵێک بەهانەی ناڕاست کە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە، وە هەندێک کەسایەتی ناویان دەزڕێندرێت، بۆیە ئەرکی حزبەکانی دیکەیە کە فشاربکەن، کە ئێمە وامان کرد دەتوانین فشارەکانمان زیادبکەین، تاوەکو ئەمە ڕوونەداتەوە و مانای ڕاستی دیموکراسی بچەسپێت.
س.ح