چالاکوانان بۆردومانەکەی دەوڵەتی تورک لە سنوری شارەدێی سیدەکان لە برادۆست، ئیدانە دەکەن و دەڵێن: تورکیا لە چوارچێوەی پلانی داگیرکردنی باشوری کوردستاندا، بە هاوکاری پەدەکە هەوڵدەدات ئەو ناوچەیە داگیربکات کە سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیان، هەروەها دەیەوێت شەڕی کورد بە کورد هەڵگیرسێنێت، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پلانگێڕییەش دەبێت یەکڕیزبین.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک لە هێرشێکی ئاسمانییدا ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانی سنووری عێراقییان لە سنووری بێرمی دیندارانی ناوچەی برادۆست لە سنوری شارەدێی سیدەکان کردە ئامانج، بەوهۆیەوە دوو ئەفسەری باڵای سوپای عێراق و شۆفێرەکەیان کوژران، ئەمەش ناڕەزایەتی و خوێندنەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە لەم بارەیەوە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز قسەدەکەن.
بەکر سەلام، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بارەی ڕووداوەکەی سیدەکانەوە دەڵیت: ئەو ڕووداوە بە پیلانێکی قێزەون و مەترسیداری دوژمن دەزانم بۆ ئەوەی دوبەرەکی بخەنە ناومانەوە و شەڕی کورد بە کورد هەڵگیرسێنن، هەروەها هەوڵێکی دەوڵەتی تورک و دەزگای میتە بە هاوکاری پەدەکە بۆ ئەوەی عێراقیش بخەنە ناو یارییەکەی خۆیان و لەدژی ئەو هێزە کوردییانەی کە شەڕی تورکیا دەکەن بەکاریانبهێنن، کاتێک دوژمنان لە ئاستی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کورد بە چۆکدادێت، هەوڵی پارچەکردنمان دەدات لە ناوخۆدا.

هەروەها وتیشی: لە ئێستادا دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە چوارچێوەی ئەو پلانەی هەیەتی بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان، بە هاوکاری حزبێکی کوردی دەیەوێت هێز بهێنێتە ناوچەی بێرمێ لە برادۆست کە ناوچەیەکی زۆر ستراتیژییە و لە چوارچێوەی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دایە، پێویستە بە یەکڕیزی نەتەوەیی ئەو پیلانە هەڵبوەشێنینەوە و ئەو هێزەشی کە هاوکاری تورکیا دەکات بەخۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی کارەساتێکی گەورە نەقەومێت، پێویستە هیچ هێزێک نەچێتە سەر هێڵی خیانەت و خزمەتی پرۆژەی دوژمن نەکات.
هەر لەم بارەیەوە نەوزاد سەڵاح، چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوس، قسەیکرد و وتی: ڕووداوێکی زۆر نەخوازراوبوو بەڵام چاوەڕوان کراوبوو، چونکە دەوڵەتی تورک هیچکاتێک دەستی نەپاراستووە لە بۆردوومانکردنی ناوچەکە و کۆمەڵکوژیی و سوتاندنی پوش و پاوان و ژینگەکەی، دەوڵەتی تورک کێشەی لەگەڵ هەبوونی کورددا هەیە لە هەرکوێی دونیابێت، تەنانەت دوژمنی چیاکانیشمانن، تورکیا بە چاوێکی فراوانخوازی دەستی داوەتە داگیرکارییەکی فراوان لە تەواوی ناوچەکە، بەڵام نابێت پارتەکانی باشوری کوردستان بخزێنە ناو ئەو شەڕە سیاسییەی کە ئێستا تورکیا لەناو باشوری کوردستان دەستیپێکردووە دەبێت ڕەتی بکەنەوە چونکە لە زیانی نەتەوەیی گەلی کوردە و خزمەت بە فاشیزمی تورک دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا: ئامانجی تورکیا دژایەتیکردنی هزر و بیری و نەتەوەیی کوردە و لەناوبردنیەتی هەر ئەم ڕووداوە پێمان دەڵیت کە تورکیا بە هیچ جۆرێک جیاوازی ناکات لەناو لایەنە کوردییەکاندا، هەروەها دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست بۆردوومانێکی بەم شێوەیە دەکات کاتێک دەزانێت دوو هێز هەوڵی دانوستاندن و ڕێککەوتن دەدەن ئەو قبوڵی ناکات و بۆردوومانی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات.
ک.س