مێهڤان سەعید، چالاکوانی مەدەنی دهۆک باس لە هەڵسوکەتی هێزەکانی ئاسایش دەکات کە دوێنێ لە چوارەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی وەدات حسێندا بەرامبەریان ئەنجامیداوە.
مێهڤان کە لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی ویستیان لەسەر گڵکۆی وەدات حسێن چوارەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنوسە بکەنەوە، بەڵام لەلایەن هێزێکی ئاسایشی پەدەکەوە ڕێگرییان لێکراو تەنها ڕێگە بە کەسوکاری وەدات درا کە بچنە سەر گڵکۆکەی.
بەوتەی مێهڤان، پێش چوونی ئەوان بۆسەر گڵکۆی وەدات، هیزێکی ئاساییشی پەدەکە لە گۆڕستانی گەڕەكی شاخكێ پێشی ئەوانیان گرتبوو، دەڵێت “بە توندی ڕێگرییان لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکان کرد کە بچنە سەر گۆڕەکەی وەدات و هەڕەشەی ئەوەیان کرد ئەگەر بەردەوام بین، ئەوا دەستگیرمان دەکەن”.
مێهڤان باسی لەوەشکرد، ئاسایش هەریەک لە ئەیهان سەعید، نوێنەری سەنتەری میترۆ و ڕێکخەری یادەکە، لەگەڵ کاروان سدیق، پەیامنێری گەلی کوردستان، ئومێد بەڕۆژکی، شێروان برادۆسکی و دڵشاد گوهرتی ڕۆژنامەنووسیان بە شێوەیەکی ناشارستانیانە دەستگیر کرد، کە دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکردن، درەنگانی شەوی ڕابردوو ئازادکران.
هەروەها وتی، “مۆبایلەکانیان بە زۆر لێ سەندین و تەواوی نامەو بەرنامەکانی ناو مۆبایلەکانمانیان پشکنی، هەڕەشەی ئەوەشیان کرد ئەگەر گۆڕستانەکە چۆڵ نەکەین، تەواوی ئەو کەسانەی هاتوون بۆ یادەکە، دەستگیری دەکەن.
بڕیاربوو دوێنێ لەسەر گڵکۆکەی لەشاری دهۆک، بە دەستپێشخەری سەنتەری میترۆ یادی چوارەمین ساڵەی تیرۆرکردنی وەدات حسێن بکرێتەوە، بەڵام ئاسایش و چالاکییە مەدەنیەکان ڕێگرییان کرد لە یادەکە.