چالاکییەکانی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی دەستیپێکرد
چالاکییەکانی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی دەستیپێکرد، لە یەکەم چالاکییشدا کە لەسەر مەزارەکەی تاجە گوڵینە دانرا و خانەوادەکەی جەختیاکردەوە دەستبەرداری کەیسی تیرۆرکردنەکەی نابن.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان و چین و توێژە جیاوازەکان، یادی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، لەسەر مەزارەکەی لە شارۆچکەی کەلار سەر بە ئیدارەی گەرمیان کرایەوە.
لەسەر مەزاری کاوە گەرمیانی پاش دانانی تاجە گوڵینە، چەندین وتار و پەیام پێشکەشکران و جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە ڕێگاکەی کاوە کرایەوە.
شیرین ئەمین، هاوسەری کاوە گەرمیانی، لە یادەکەدا وتاری خانەوادەکەیانی پێشکەشکرد و وتی:"کاوە گەرمیانی بە خوێنی خۆی و بە بەختکردنی گیانی، ئەو پەیامەی دا بە گوێی دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانی ئەم هەرێمە و بکوژانی ڕۆژنامەنوسان و ئەو دەستانەی کە دەنگە ئازادەکان کپ دەکەن، جگە لە ڕۆح و گیان شتێکی پیرۆزتر نییە بۆ بەختکردن لەپێناو ئازادی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە گەلی چەوساوە و من لەوپێناوەدا بەخشیم".
هەروەها وتیشی:"لە کەیسەکەی کاوەدا باشتر بۆمان ڕوونبووەوە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان چەندە دەسەڵاتخوازن، هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ قۆرخکردن و کپکردنی دەنگە ئازادەکان، بەتایبەتی ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکان، چونکە دەزانن چەندە میدیای ئازاد پێشکەوێت، ئەوەندە ڕووی ڕاستەقینەی ئەوان بۆ کۆمەڵگا دەردەکەوێت".
شیرین، کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە، دووپاتیکردەوە ئەوان سوورن لەسەر ڕێبازەکەی کاوە گەرمیانی و دەستبەرداری کەیسەکەی نابن، وتیشی:"بە سزادانی کەسێک دەست لەو کەیسە هەڵناگرین، بەڵکو دەبێت دەستی پشتی ئەم کردەوە قێزەونە ئاشکرابکرێت و ببرێنە بەردەم دادگا".
بڕیارە هەر ئەمڕۆ چەند چالاکییەکی دیکە لە شارۆچکەی کەلار و ئەو ماڵەی کاوە گەرمیانی تێدا تیرۆر کرا، ئەنجام بدرێت.
ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، ئێوارەی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەلار لە لایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، دواتر دادگا یەکێک لەو کەسانەی تەقەی لێ کردبوو، بە زیندانی هەتا هەتایی سزادا.
ش.ف