هەینی, 7 سبت 2018 – 08:29 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
سوپای تورک لە ساڵی ١٩٨٣ وە هێرشەکانی بۆسەر باشوری کوردستان دەستپکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەو هێرشانەی قورستر کردەوە، هەوڵیدا لە باشوری کوردستان بارەگای نوێ دروست بکات و تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ نزیک بە ٣٠ کیلۆمەتر لە خاکی باشوردا پێشڕەویی کرد.
لەدژی ئەو هەوڵدانەی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان، لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان ئەنجام درا، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی وڵاتپارێزیش لە ٨ی حوزەیرانەوە چالاکیی قەڵغانی زیندوویان لە قەندیل دەستپێکرد.
لە ماوەی سێ مانگی چالاکییەدا گەنجان لە شارۆچکەکانی ڕانیە و قەڵادزێ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەمچەماڵ، تەقتەق، بادینان، مەخمور، ڕۆژئاوای کوردستان و گەنجانی ئینتەرناشناڵ خۆیان گەیاندە بناری قەندیل و بەشداری ئەو چالاکییە بوون.
هەروەها ژنانی گەنجی تێکۆشەر، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەرەی دیموکراسی گەل، ڕژاک، تەڤگەری چاند و هونەری دیموکرات، پێشمەرگە دێرینەکان، هونەرمەندان، هاوڵاتیانی باکوری کوردستان کە لە باشور کاردەکەن، دانیشتووانی قەندیل، نووسەران، پەرلەمانتاران، شاندی کەنەکە و بەرەی دژی داگیرکاریی سەردانی چالاکییەکەیان کرد و پشتگیرییان دەربڕی بۆ بەردەوامبوونی چالاکییەکە.
گروپێک لە گەنجانی رۆژئاوای کوردستان هەوڵیان دا لەوێوە بەرەو باشوری کوردستان بێن و خۆیان بگەیەننە چالاکییەکە، بەڵام ئاسایشی پارتی لە دەروازەی سنووریی سێمالکا ڕێگری لێکردن و نەیهێشت بێنە خاکی باشورەوە، لە بەرامبەردا ئەو گەنجانە لە دیوی ڕۆژئاوای کوردستان چادریان هەڵدا و بەو شێوەیە پشتگیرییان دەربڕی بۆ چالاکیی قەڵغانی زیندوو لە قەندیل، ئەو چالاکییەش مانگێکی خایەند.
لە میانەی چالاکییەکەشدا ڕۆژانە لە ناو چادرەکاندا سمینار و گۆفتوگۆ لەبارەی مێژووی هێرشەکانی دوەڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان بەڕێوەدەچوو، هەروەها ڕۆڵی گەنجان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەش نرخێندرا، هەروەها ژمارەیەکی زۆر چالاکیی هونەری وەک شانۆ و گۆرانی وتن لە پەراوێزی چالاکییەکە لە قەندیل ئەنجامدرا، هەروەها یادی شەهیدانی ١٤ و ٣٠ حوزەیران لە مەراسیمی جەماوەریدا کرانەوە، ساڵیادی ١٥ ئابیش لە چالاکییەدا بەرز ڕاگیرا.
چالاکیی لە دوایین مانگیدا لەلایەن گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان و گەنجانی ئینتەرناشناڵ بەڕێوەجوو، پشتگیرییەکان لە کۆتا مانگیش دا بۆ ئەو چالاکییە بەردەوامییان هەبوو.
چالاکییەکە ئەمڕۆ پاش سێ مانگ کۆتایی پێدێت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان ئاشکرایان کردووە، چالاکییەکە ئامانجەکانی خۆی پێکاوە و بە ڕاگەیەندراوێک کۆتایی پێدەهێنن، هەروەها بانگەوازیی هاوڵاتیانیان کرد کە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی کۆتاییهێنان بە چالاکییەدا بەشداری بکەن.
کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.
س.ح