چالاکیی خەڵکی شەنگال، دژی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال و بە ئامانجی پشتیوانیی لە ئاسایشی ئێزدخان، لە ٤٤ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.
لەڕۆژی ٢ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، هاوڵاتیانی شەنگال لەدژی ڕێککەوتنی پەدەکە و بەغدا لەسەر شەنگال و بە مەبەستی پشتیوانیی لە ئاسایشی ئێزدخان، لەبەردەم ناوەندی ئاسایشی شەنگال چادریان هەڵداوە و دەستیان بە چالاکیی کردووە.
بە دروشمی ”ئێمە هەموومان ئاسایشین” چالاکییەکە لە ٤٤ـەمین ڕۆژی خۆیدا لەلایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی شەنگالەوە بەردەوامە و خەڵکی شەنگال تاکو ئێستا چەندین جار داواکارییەکانیان پێشکەشی بەرپرسانی بەغدا کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکی ئەرێنییان وەر نەگرتووە، هەر بۆیە خەڵکی شەنگال ڕایدەگەینن؛ تا داواکارییەکانیان پێک نەیت بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.
بەو مەبەستەش ڕۆژانە خەڵکی شەنگال، کۆمەڵ بە کۆمەڵ سەردانی شوێنی چالاکییەکە دەکەن و پشتیوانی لە چالاکییەکە دەردەبڕن.
ب.ک