چاودێران: تورکیا لە ڕێگای ئەنەکەسەوە دژایەتیی یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکات

چاودێرانی سیاسیی باشوری کوردستان ڕەخنە لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەنەکەسە لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەگرن و ئەنەکەسە بە بەشێک لە "پیلانگێڕیی تورکیا دژی ڕۆژئاوای کوردستان" ناودەبەن، ڕاشیدەگەیەنن، کە تورکیا لەڕێگەی بانگهێشتکردنی ئەنەکەسە و کۆبوونەوە لەگەڵیدا دژایەتیی بۆ هەوڵەکانی یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکات، دەشڵێن: لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، پیلانێک هەبووە بۆ پەرتەوازەکردنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوا.


لە دوای بانگەوازییەکەی مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی قەسەدە بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) لەسەر داوای دەوڵەتی تورک سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە، ئەوەش بووە جێگەی ڕەخنەی چاودێرانی سیاسی کورد.

کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەنەکەسە و دوژمنانی گەلی کورد لەکاتێکدایە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد-دا، خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێگای بە ئەنەکەسە دا بارەگاکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەنەوە.

ئەنوەر حسێن، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی نایشارێتەوە، کە ئەمە دووەم کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و دەوڵەتی تورکە لەدوای بانگەوازییەکەی مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی قەسەدە بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: ئەم دانیشتنانە لەسەر بانگهێشتی دەوڵەتی تورکیا بووە، لەم دانیشتنە و لە دانیشتنی پێشووشدا، تورکیا دژایەتیی بۆ هەوڵەکانی یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوا دەربڕیوە و جەختیانکردووەتەوە، کە نابێت ئەوە بکرێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕووی دەمی لە ئەنەکەسە دەکات و دەپرسێت: بۆچی لەدوای بانگەوازییەکەی مەزڵوم کۆبانییەوە دووجار تورکیا بانگهێشتی کردوون، ئەمە چ پەیوەندییەکی بەوانەوە هەیە؟ ئەگەر لەڕاستیدا ئەمان لەژێر کاریگەریی دەوڵەتی تورکدا نین، بەبڕوای من دەرفەتێکی باش بۆ ئەنەکەسە هاتبووە پێش، ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بدات باوەڕ ناکەم تا ١٠ ساڵی دیکەش بۆی بڕەخسێتەوە.

ئەنوەر حسێن، دووپاتیشی دەکاتەوە، کە تورکیا دژی هەموو ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەڵێت: تورکیا لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا پشتیوانیی ئەنەکەسەی کردووە بۆ دژایەتییکردنی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیەش تورکیا دەزانێت کە بانگەوازییەکەی مەزڵوم کۆبانێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە دژی دەوەستێتەوە.

هاوکات کەمال ڕەئوف، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەکرد، کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، پیلانێک هەبووە بۆ پەرتەوازەکردنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: بەشێک لەو هەوڵانە لەڕێگای ئەنەکەسەوە بووە کە ڕێگربن لەوەی کوردانی ڕۆژئاوا بتوانن یەکگرتووبن.

هەروەها باسیشی لە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک کرد بۆ تێکدانی پرۆسەی یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: لەدوای ئەو هەوڵانەی هەن بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی تورک بەزوویی لەوە تێگەشت کە ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە، بۆیە هەوڵدەدات ئەو پرۆسەیە تێکبدات، ڕێگرییەکانیش دیسان لەڕێگای ئەو دەستانەوە دروستی دەکات، کە پێشتر خۆی لە ڕۆژئاوا چاندوویەتی و ئەنەکەسەش بەشێکە لەو بەرەیە.

کەمال ڕەئوف ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و بەرپرسانی تورک ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە کێ لەدژی یەکخستنی ناوماڵی کوردە و وتی: جاران بانگەشە هەبوو گوایە پەیەدە ڕێگربێت لە یەکخستنی ناوماڵی کورد، بەڵام لەدوای ئەوەی ئەمان گەڕانەوە بۆ سەنگەری تورکیا لە دژی دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو بانگەشانەی بەدرۆخستەوە و کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر خۆیان دەبێت.

نووسەر و ڕۆژنامەنووس کەمال ڕەئوف دەشڵێت: ئەنەکەسە ئەگەر کەموکورتییەکانی ڕۆژئاوای قبووڵ بکردایە، زۆر لە ئیمتیازاتەکانی تورکیای باشتربوو، شەرەفمەندانەتربوو هەموو ئەو دەستکەوتانەشی لە دانووستانەکانی لەگەڵ تەڤدەم داوای کردووە دەستی نەکەوتایە، باشتربوو لەو ئیمتیاز و پارەیەی لە تورکیا دەستیان دەکەوێت.

ک.س