چاودێرێکی سیاسی: ڕۆژئاوای کوردستان بە سیاسەتی ڕاست دەنگی کوردی گەیاندۆتە جیهان

چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژئاوای کوردستان بە سیاسەتی ڕاست و سەرکەوتوانەی دەنگی کوردی گەیاندووەتە جیهان، ئەمەش بەرهەمی خوێنی ١١هەزار شەهیدە و پێویستە گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە پاریزگاری لەم دەستکەوتانە بکەن بە یەکدەنگی و یەکڕیزی، لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا کە مەترسییە بۆسەر تەواوی گەلەکەمان.


ئیبراهیم عەبدوڵا، چاودێری سیاسی لە شارۆچکەی دووزخورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، سەبارەت بە ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە هێرشەکانی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەرک و پێویستییەکانی ئەم قۆناغەی گەلی کورد و بارودۆخی گشتی شەڕەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت. 

ئیبراهیم عەبدوڵا، سەبارەت بە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لەم داگیرکارییە وتی: ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەو هێرشانەی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەیە کە نایەوێت قەوارەکی سەقامگیر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستببێت، بەتایبەتی ئەو قەوارەیەی کە ناوچەیەکی باشی کۆنترۆڵکردووە و لە چوارچێوەی هێز و ئایدۆلۆژیایەکە و بە پێشەنگایەتی کورد دروستبووە، ئامانجێکی دیکەی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییە، کە کوردی ڕەسەنی ناوچەکە کۆمەڵکوژدەکات بۆ ئەوەی ببن بە ئاوارەی جەنگ و خەڵکی سەر بەخۆی لە ناوچەکانی دیکەی سوریا نیشتەجێبکات لە شوێنیان.

هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستەکانی جیهان و گەلانی ناوچەکە وتی: لە ڕووی سیاسی و پشتیوانییەوە، ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە، چ لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و چ لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، وە تورکیا هیچ پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام لە ڕووی هێزەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات و گەلی ڕۆژئاوای کوردستان تەنها خۆیانن لە مەیدانەکەدا کە شەڕدەکەن و خاکەکەیان دەپارێزن، ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا پەروەردەیان  کردووە هەر ئەو هیزەن لەگەڵیانن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو قەوارەیەی، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبووە، خاوەنی سیاسەتێکی ڕاست و دروست و سەرکەوتوانەیە، کە بەرهەمی خوێنی ١١ هەزار شەهیدە و  توانیویەتی دەنگی کورد بگەیەنێت بە جیهان، وە نمونەیەکی جوانی نیشانداوە و تەواوی نێودەوڵەتی و گەلانی ناوچەکە سەرسامن بەو نمونەیە.

سەبارەت بە هەڵوێستی گەلی کورد لە پارچەکانیتر و بانگەوازی خۆی ئاماژەی بەوەدا: تا ئێستا هەڵوێست و یەکدەنگی گەلی کورد بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام نەگەشتۆتە ئاستی ئەو ڕاستییەی کە ئێمە یەک نەتەوەین و مەترسیمان لەسەرە، پێویستە هەڵوێستێکی نەتەوەیی و مرۆیی بە یەکدەنگی و یەکڕیزی زیاتر نیشانبدرێت بۆ پاڵپشتیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکاری لۆجستییان بۆ کۆبکەینەوە و حکومەتیش سنورەکان بە ڕوویاندا بکاتەوە، وەکوو دەرگایەکی هاوکاری و پشتیوانی و گەیاندنی هاوکارییەکان.

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە ڕوئیای گەلی کورد لەم ڕەوشەدا وتی: سەرەتا قازانجێکی سیاسی گەورە  لە ڕەوشەکە هەیە بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە، هەروەها ئومێدێکی گەورە هەیە بۆ سەرکەوتن، چونکە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری مانەوە و بەرخۆدانیان داوە، بەڵام دواجار جەنگ ماڵ وێرانی و کوشتار و ئاوارەیی لێ دەکەوێتەوە، پیویستە چیتر وڵاتانی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینن و دەستتێوەردانێکی جدی بکەن بۆ وەستاندنی شەڕەکە. 

ک.س