١٩ی مانگی شەش لە یەک ڕۆژدا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە سنووری بادینان پێنج هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ کرد، گەل دژی ئەو تاوانە ڕژایە شەقامەکان، لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان شیلادزێ’یان کردە سەربازگە و چەندین کەسیان دەستگیرکرد و هاوکات هەوڵی زیندووکردنەوەی جاشایەتی دەدەن، ئەمانەش وایانکرد دەوڵەتی تورک بەردەوامیی بە کۆمەڵکوژییەکانی بدات.
لە کاتێکدا چل ڕۆژ بەسەر پێنج شەهیدی بادیناندا تێدەپەڕیت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر و جارێکیتر دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی کردە ئامانج و دوو کەسی دیکەی بە ناوەکانی دلوڤان شاهین عومەر كشانی لە عەشرەتی گولی و عەبدوڵا ئەحمەد و خەڵکی شارەدێی مانگێشكێ شەهید کرد و تا ئێستاش نەحکومەتی هەرێم و نە عێراق لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.

ڕۆژی ١٩ی مانگی ڕابردوو، لە سنووری شارەدێی شیلادزێ چوار هاوڵاتیانی بە فڕۆکە جەنگی دەوڵەتی تورک شەهیدبوون، هەمان ڕۆژ و هەر لە سنووری بادینان هاوڵاتییەکی دیکە شەهیدبوو، ئەمانەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.
هاوڵاتیان دژی کۆمەڵکوژییەکە ناڕەزایی فراوانیان پیشاندا
دوای ئەو تاوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هاوڵاتیانی شیلادزێ ناڕەزاییان دەربڕی و خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەڕێوەبرد، تێیدا داوای کردنەدەرەوەی سوپای تورکی داگیرکەر و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانیان کرد، داواکارییەکی دیکەشیان دەستگیرنەکردنی هیچ خۆپیشاندەرێک و ئازادکردنی ئەو کەسانە بوو کە لە سەرهەڵدانەکەی ٢٦-١-٢٠١٩ لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکرابوون.

خۆپیشاندەران گەمارۆی لیژنەی ناوچەی شیلادزێ-ی پەدەکەیان دا، هەرچەندە پەدەکە هێزێکی زۆری لە دهۆک و هەولێرەوە بردبووە ناوچەکە، بەڵام نەیتوانی خۆپیشاندەران بڵاوە پێبکات، دوای چوار کاتژمێر لە خۆپیشاندانی بەرفراوان و وتنەوەی دروشم دژ بە ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی، بە مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، خۆپیشاندانیان کۆتایی پێهێنا.

دوای ناڕەزاییەتییەکان..
شیلادزێ هاوشێوەی سەربازگەیەکی لێکرا، بەشێوەیەک هێز بڵاوەی پێکرابوو ناڕەزایەتی گەیەندرایە سەرۆک وەزیرانی عێراق، کاتێک هەردوو پەرلەمانتاری عێراق سەرکەوت شەمسەدین و غالب محەمەد لە یاداشتێکدا، کە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد نیگەرانییەکانیان لە دۆخی شیلادزێ خستەڕوو، هەروەها ئاماژەیان بە دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکداری بیانی بۆسەرکوتکردنی خەڵکی شیلادزێ کرد.

ئەو هێزانەی کە برابوونە شیلادزێ جگە لە هێزەکانی ئاسایش پۆلیس و دژە تیرۆر ‘سوات’، پەدەکە “پێشمەرگەی ڕۆژ”ـیشی بردبوو، کە ئەو چەکدارانەی ڕۆژئاوای کوردستانن کە پەدەکە لە هەرێمی کوردستان هێزی بۆ دروستکردوون و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکات و سوپای تورک ڕاهێنانیان پێدەکات.
داواکانی خۆپیشاندەران وەک خۆیان ماونەتەوە
ئەو داواکارییانەی کە خەڵکی شیلادزێ لە خۆپیشاندانەکەی ٢٠ی مانگ و ڕۆژێک دوای کۆمەڵکوژییەکە خستیانەڕوو تا ئێستا جێبەجێنکراوە، بەپێچەوانەی ئەوەی کە داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ساڵی ڕابردوو کرابوو، لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی شەش چەند کەسێک دەستگیرکران، لەناویاندا قارەمان شوکری زەینەدین’ی ڕۆژنامەنووس هەبوو، کە تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
لەجیاتی وەڵامی گەل پەدەکە جاشایەتی زیندوو دەکاتەوە
وێڕای بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان، پەدەکە لە جیاتی گوێ لە داوای خەڵک بگرێت دژی داگیرکارییەکان، سەرقاڵی زیندووکردنەوەی جاشایەتییە، کە گەلی باشوری کوردستان ئێستاش باجی جاشایەتیی دەدات، کە ساڵانێک هەزاران خۆفرۆش بۆ ڕژێمی بەعسی ڕووخاو دەیانکرد و دواتر زۆرینەیان لای پەدەکە کرانە فەرماندە و پلە و مووچەی بەرزیان پێدرا!.
سیستیمی جاشایەتی ئەم جارە بەشێوەیەکە، کە پارتی دیموكراتی کوردستان (پەدەکە) لە شێلادزێ و دەڤەری بادینان دەیەوێت هێزی چەکدار دروستبکات، کە خەڵکی بادینان بە زیندوو کردنەوەی جاشایەتی دەزانن، گومان دەكرێت سەرچاوە داراییەكەی لەلایەن توركیاوە دابین بكرێت.
سەرەتای هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەم هێزە لەوەوە دەستیپێکرد، کە کاربەدەستانی پەدەکە لە ناوچەی پەدەکەی شیلادزێ، لەگەڵ بەرپرسان بەڕێوەبەران، موختارەکان و فەرماندەکانی پێشمەرگەکانی خۆیان کۆبووبوونەوەیان کردووە و باسیان لە دروستکردنی هێزێکی نوێ کردووە، کە ئەوەش دەنگۆی ئەوەی بە دوای خۆیدا هێنا کە دروستکردنی ئەو هێزە لە لایەن تورکیاوە هەوڵێکە بۆ زیندوو کردنەوەی جاشایەتی.
لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد سەعید مێزی بەرپرسی ناوچەی پەدەکەی شیلادزێ، هاشم سیتەیی بەرپرسی لیوای پێشمەرگەی شیلادزێ، موختاری گوندەکان و زۆرێک لە کادێرەکانی پەدەکە لە ناوچەکە بەشدارببوون، کە لە ناوەڕۆکدا داوایان کردبوو، کە خەڵک لە هەندێک ناوچە وەک چەمچۆ، ئاڤاشین و تا سنووری جولەمێرگی باکوری کوردستان، چەک هەڵگرن و وەک پاسەوانی سنوور کاربکەن.
بەڵام وەک هاوڵاتیان و چاودێران لە سنوورەکەوە باسیان کردووە، خەڵکی بادینان بەگشتی و شیلادزێ بەتایبەت، جاشایەتی ڕەتدەکەنەوە و ڕێگری لە دروستبوونی وەها هێزێکیش دەکەن کە پشتیوانی تورکیا بکات.
ئەنجامی بێدەگییەکان بەردەوامیی بە کۆمەڵکوژی داوە
بێدەنگییەکانی هەرێم و بەغدا دژی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بەتایبەت لە بادینان، وایکردووە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بەردەوامیی بە داگیرکاریی و بۆردوومان و کۆمەڵکوژییەکان بدەن، لە دواترینیاندا دوو ڕۆژ پێش ئێستا “٢٦ی مانگ”، دوو هاوڵاتی دیکە لە بادینان لە دوو ئۆتۆمبێلی جیادا کرانە ئامانج و هەردووکیان شەهیدبوون، ئەمەش لە کاتێکدابوو بڕیارە ئەمڕۆ یادی چلەی پێنج شەهیدەکەی ١٩ی مانگی ڕابردوو بکرێتەوە.
س.ح