چیرۆکی تراژیدی کوژرانی ٣ ژن لە ٤٨ کاتژمێردا

تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا سێ ژنی گەنج گیانیان لەدەستداوە، کە بە وتەی کەسوکارەکانیان "خۆیان خۆیان کوشتووە!"، لەگەڵ ئەوەشدا کەس باس لە هۆکاری خۆکوشتنەکان بە ڕوونی ناکات، ڕۆژنیوز چیرۆکی دووان لەو قوربانیانە دەخاتەڕوو.


توندوتیژییەکان دژی ژنان لە باشوری کوردستاندا ڕۆژبە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکەن، ئەگەرچی بنەماڵە و کۆمەڵگا هەمیشە پاساوی خۆکۆژیی بۆ ژنان دەهێننەوە، بەڵام بەپێی قسەی دەرووننسان و ژنانی چالاکوان، زۆرینەی هۆکارەکان سیستمی پیاوسالارییە، کە ئەگەر ژنانیش خۆیان بکوژن، هۆکارەکەی فشارەکانی سەریانە لەلایەن هاوسەر، برا و باوکەو.

یەکێک لە کوژراوەکان کە بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هاتووە، "ب م س"ە، کە دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانی زەرگەتەیە لە سلێمانی، ئەو ژنە گەنجە کە هێشتا هاوسەرگیریی نەکردووە، خوێندکاری زانکۆ بووە و لە کۆتا قۆناغی خوێندنەکەیدا بووە.

بە وتەی بنەماڵە و کەسوکارەکەی بۆ ڕۆژنیوز، ئێوارەی ١٧ی ئەم مانگە، "ب م س" چووەتەوە ماڵەوە، بەبی ئەوەی هیچ بەکەس بڵێت،  "فیشەکێکی ناوە بەسەر دڵی خۆیەوە"، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، هەمان ئێوارە گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەمەدا هیچ باسی هۆکارەکەی نەکراوە.

یەکێکیتر کە دوێنێ بە سووتان گیانی لەدەستدا، ڕۆزە عەلی عومەر-ی تەمەن ٢٠ ساڵە، وەک زۆرینەی کەسیەکانی دیکەی کوشتنی ژنان، بۆ ڕۆزە-ش هەمان پاساوی خۆکوژیی هەیە، ئەگەرچی چەند چیرۆکێک باس دەکرێت لەسەر شێوازی سوتانەکەی.

بەپێی قسەی چالاکوانانی مافەکانی ژنان، ڕۆزە لە ١٨ ساڵیدا هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێک کردووە، کە نەخۆشی تالاسیمای هەبووە، لەماوەی دوو ساڵدا ڕۆزە سێ جار دووگیان دەبێت، بەڵام پێش لەدایکبوون منداڵەکانی لەباردەچن، هەربۆیە بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژیی هاوسەرەکەی بووەتەوەو لەم ڕووە چەند وێنەیەک بەردەسەتە.

سەیران محەمەد، چالاکوانی ژنانە و هاوڕێی ڕۆزە بووە، سەیران کە چووتەسەر ڕۆزە بە سوتاوی بۆ ڕۆژنیوز باس لەوە دەکات، کە ڕۆزە لە سەرووی ناوکییەوە ستاوە و بە تەواویی سوتاوە، هەروەها دەوترێت هاوسەرەکەی نەوتی بە ڕۆزەدا کردووە و ئەویش ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، هاوکات باس لە مەش دەکرێت، کە ڕۆزە بە هاوسەرەکەی تووە، ئەگەر لەم ژیانەی ئێستا ئاوا بژیم من خۆم دەکوژم، هاوسەرەکەشی وتوویەتی فەرموو ئەوە نەوت و خۆی بکوژە، دۆسییەی ڕۆزە ئێستا لە لێکۆڵینەوەی پۆلیس-دایە.

هەروەها ئێوارەی دوێنێ ژنێکی گەنج بەناوی " شێنێ"، لە شارەدێی بازیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە فیشەکی تاپڕ گیانی لە دەستدا، لەوبارەیەوە بنەماڵەکەی باس لەوە دەکەن، کە "خۆی خۆی کوشتووە"، و هۆکارەکەی وەها دەگێڕنەوە "شێنی کە لە رابردوودا هاوسەرگریی کردووە و کەمتر لە ساڵێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ژیاوە، دوێنی بۆ کڕێنی شتوومەک سەردانی مارکێتێکی نزیک ماڵەوەیانی کردووە، لەوێ پێێ وتراوە تۆ 'بێوەژنیت'، ئەمە تەواو نیگەرانیی کردووە و لە ماڵەوە بەدایکی وتووە بۆ وا بەمن دەڵێن خۆم دەکوژم، بەڵام دایکی بە گاڵتەی وەرگرتووە، دواجار بە تاپڕ خۆی کوشتووە".

ئەمانە تەواویی زانیارییەکان لە بنەماڵەکانیانەوە وەردەگیرێت کە دەڵێن خۆیان خۆیان کوشتووە، بەڵام بە وتەی چالاکوانان هەموو خۆکوژییەکانی ژنان هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ فشارخستنە سەریان، یاخود ڕاستەوخۆ دەکوژرێن و دواتر دەڵێن خۆیان خۆیان کوشتووە.

تەواوی وێنەکان "ڕۆزە عەلی عومەر"ن. 

 

س.ح