ستەم و زیندانیکردنی دەوڵەتی تورک ‘حەمدوڵا’ ناچار دەکات پەنا بۆ باشووری کوردستان بهێنێت، بەڵام بەهۆی پەدەکەوە دهۆکیش نابێتە هەوارێکی ئارام بۆی، جگەلەوەی مافی ١٧ مانگ کارکردنی دەخۆن، داوای لێدەکەن سیخوڕییان بۆ بکات، بەڵام لەبەر ڕازیی نەبوونی بەو داواکارییە، لە دهۆک و هەولێر شاربەدەری دەکەن و بەناچاریی ڕوو لە سلێمانی دەکات.
حەمدوڵا ئاکتاش، هاوڵاتییەکی باکووری کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە، دهۆک دەبێتە یەکەم وێستگەی نیشتەجێبوون بۆی و دەیەوێت لە دهۆک تەونی ژیانێکی نوێ بهۆنێتەوە، بەڵام هەرزوو زوڵمی پەدەکە و بەرپرسانی پەدەکە تەنگی پێ هەڵدەچنن.
حەمدوڵا لەسەر هۆکاری هاتنی بۆ باشووری کوردستان دەڵێت: من لە باکووری کوردستان ئەندامی ڕێکخستنە کوردییەکان بووم، من و هاوڕێکانم لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بریندارکراین، بۆ ماوەی سێ مانگ لە جێگادابووم، دواتر بۆ ماوەی چەند ساڵێک سزا درام بە زیندانییکردن، دوای ئازادبوون بڕیارم دا بێمە باشوری کوردستان، هەندێ کەسم دەناسی لە باشوور، ئەوان شوێنیان پێدام و دەستم بە کارکردن کرد، بۆ ماوەی ساڵێک و پێنج مانگ کارم کرد و پارەی کارکردنیان پێ نەدام، هەر دەستی دەستییان پێ دەکردم.
هاتنی حەمدولا بۆ هەرێمی کوردستان بەو ئامانجەبوو، کە بتوانێت دوور لە زووڵم پەڕەی ژیانێکی نوێ هەڵبداتەوە، بەڵام زۆری پێ ناچێت ستەمی پەدەکە تەنگی پێ هەڵدەچنێت، وەک خۆی دەڵێت کەسێک کرێی ١٧ مانگی کارکردنی دەخوات و دواتریش هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات.
“شەوێک بە سێ ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانکوتایە سەرم، پێان وتم ئەگەر واز لێرە نەهێنێت و نەڕۆیت، یان دەتکوژین یان تەسلیم بە تورکیات دەکەینەوە، منیش وتم لێرە ڕەنجم داوە، ماوەی ١٧ مانگە لێرە کاردەکەم حەقی خۆم وەرنگرتووە، حەقەکەم پێ بدەن لێرە دەڕۆم، پێیان وتم حەق و شتی وا نییە، دەبێت ئێرە بەجێ بهێڵیت، نزیکەی کاتژمێرێک گفتوگۆمان کرد، من یەکێک لەوان دەناسمەوە، ناوی یونس بارزانی بوو، دوایین جار پێی وتم ئەگەر تۆ دهۆک جێ نەهێڵیت دەتبەستمەوە بە ئۆتۆمبێلەکەمەوە بەناو دهۆکدا دەتگێڕم، بۆ ئەوەی ببیت بە عیبرەت، منیش وتم ئێرە بەجێناهێڵم چیت لەدەست دێت بیکە” حەمدوڵا وای وت.
ئەو ڕووداوە زۆری پێ ناچێت، ڕۆژێک لەلایەن چەند کەسێکەوە کە حەمدوڵا دەڵێت “نەناسراو بوون” پەیوەندیی بە حەمدوڵاوە دەکرێت و پێی دەڵێن وەرە بۆ زاخۆ، وەک حەمدوڵا خۆی دەڵێت ‘پێیان وتم ئەگەر نەیەیت خۆمان دێین دەتبەین’، حەمدوڵا ڕوودەکاتە زاخۆ و دەڵێت: لەوێ دوو کەس هاتن بۆلام و پرسیاری ئەوەیان لێکردم بۆچی هاتوومەتە باشووری کوردستان، منیش پێم وتن مرۆڤێکی کوردم لە تورکیا سزام لەسەر بۆیە هاتووم بۆ ئێرە، من دەمتوانی بچمە ئەوروپا، بەڵام کوردستان خاکی خۆمە.
داوایان لێکردم سیخوڕییان بۆ بکە
حەمدوڵا دەڵێت، ئەو کەسانە چەکی بانکییان خستووەتە بەردەمی و پێیان وتووە “هەر چەندێک خۆت پێتخۆشە بینووسە لەو چەکەدا بەس کارمان بۆ بکە، دەتنێرینە مەخمور و قەندیل و هەواڵەکانی ئەوێمان بۆ بێنە، منیش وتم لێرە پارچە پارچەم بکەن کاری وا ناکەم، وتیان یان لەگەڵ ئێمە کاردەکەیت یان دەبێت لێرە بڕۆیت، منیش چەکی پارەکەم خستەوە بەردەستیان و پێم وتن؛ ئەگەر ئێمە خۆمان بفرۆشاتایە لە باکووری کوردستان خۆمان دەفرۆشت و پارەی ئەوان لەوەی ئێوە زیاتر بوو، من نە دەبمە میت نە دەبمە سیخوڕ، وتیان مادام وایە ڕادەستی تورکیات دەکەینەوە، پێم وتن بێ منەت بن، یەکێکیان وتی؛ تۆ لێرە مەمێنەوە بڕۆ، چونکە ناتوانیت لێرە بژیت، بۆ کوێ دەڕۆیت بڕۆ پارەی ڕێگاشت پێ دەدەم، منیش وتم پێویستم بە پارەی ئێوە نییە”.
دوای ئەو ڕووداوە، حەمدوڵا پەیوەندیی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی هەدەپەوە دەکات و دۆخی خۆیان بۆ باس دەکات، دواتر دهۆک بەرەو هەولێر جێدەهێڵێت، بەڵام دەزانێت لە هەولێریش ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە، بۆیە بەجێی دێڵێ و سلێمانی دەبێتە وێستگەی کەنارگیری حەمدوڵا و لە سلێمانی پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی هەدەپەوە دەکات.
زیاتر لە چوار ساڵە حەمدوڵا لە سلێمانی نیشتەجێبووە و هەر لە سلێمانیش دەستی بە کارکردن کردووە، بەڵام مۆتەکەی میت و پاراستنی پەدەکە لە سلێمانیش بەرۆکی حەمدوڵا و دەیان کەسی لە هاوڕێکانی بەرنەداوە و فشاریان لێدەکەن کاریان بۆ بکەن، وەک خۆی دەڵێت: بەڵگەمان لایە دوای ئەوەشی هاتووینەتە سلێمانی، بە تەلەفۆن و فەیسبووک داوامان لێ دەکەن سیخوڕییان بۆ بکەین، تەلەفۆنیان بۆ زیاتر لە ١٠ هەڤاڵی ئێمە کردوە بە پارە سیخوڕییان بۆ بکەن، ١٠ ڕۆژ پێش ئێستا کەسێک بە ئۆتۆمبێل هێرشیکردە سەرم و بە تورکی جنێوی پێدام، ئەگەر خۆم لا نەدایە پارچە پارچەی دەکردم”.
حەمدوڵا نموونەیەکە لەو سەدان هاوڵاتییەی باکووری کوردستان کە بەهۆی ئەوەی ڕازی نەبوون کاری سیخوڕیی بۆ میت و پاراستن بکەن، لەلایەن پەدەکەوە لە هەولێر و دهۆک شاربەدەرکراون و بەردەوامیش لەژێر فشاری ئەو دوو دەزگا سیخووڕییەدان بۆ ئەوەی کاریان بۆ بکەن.
حەمدوڵا دەڵێت: ئەگەر کەسێک خاوەن ئیرادەبێت و کەسایەتی خۆی باش بناسێت، سیخوڕی ناکات، بانگەوازی دەکەم لە هەموو هاوڕێیانی باکوور کە لە باشووری کوردستان دەژین، داواتان لێ دەکرێت سیخوڕی بکەن، هیچ کات نەترسن، مردن هەر هەیە بەڵام با مردنێکی بە شکۆبێت، ئەگەر جێگەشمان نەکەنەوە دەتوانین بچینە چیا ئازادەکانی کوردستان، ئێمە کوردین و برای یەکین، قەندیل و گارە فراوان و گەورەیە، ئێمە دەتوانین بچینە ئەوێ و ژیان بکەین، پارویەک نان هەر دەبێت بیخۆین”.
تەنها لە دوو مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا دوو خێزانی دیکەی باکووری کوردستان لە هەولێر لەلایەن پەدەکەوە شاربەدەری سلێمانی کراون، یەکێکیان حەسەن کاچارە کە خۆی و هاوسەرەکەی و هەردوو منداڵەکەی ڕۆژی ٢٣ی ١١ی ٢٠٢١ لەلایەن هێزەکانی پەدەکە شاربەدەرکراون لە هەولێر، بەدوای ئەوانیشدا ڕۆژی ١٠ی ئەم ٢١ی ٢٠٢١ گوینگور ئاڵپ، ئەندامی هەدەپە دوای سێ مانگ فشارخستنەسەری بە زۆرە ملێ لە هەولێر دەریانكرد و شاربەدەری پارێزگای سلێمانیان كرد.
ب.ل