کاتێک چەتەکانی داعش هێرش دەکەن سەر شەنگال و پەدەکە لە شەنگال ڕادەکات، ئێزدییەکان خۆیان بۆ دوا ساتەکانی ژیانیان ئامادە دەکرد، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە جارێکی دیکە هیوای ژیانیان بۆ دەگێڕنەوە، شاهیدحاڵێکی فەرمانەکە چیرۆکی ئەو ساتانە دەگرێتەوە و باس لەوەش دەکات: هەتا ئێزدییەکان نەگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، فەرمانیش کۆتایی نایەت.
ڕەڤۆ حاجی پیاوێکی تەمەن ٥٨ ساڵی ئێزدییە و خێزانەکەی لە ١٠ کەس پێکهاتوون، شاهیدحاڵی هێرشی چەتەکانی داعشە بۆ شەنگال، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەنجامیاندا و بەهۆیەوە جگە لە ئاوارەبوونی دەیان هەزار ئێزدیی، هەزاران کەسیش کۆمەڵکوژکران.
کاتێک داعش لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ موسڵ داگیردەکات، هەندێک خێزانی ئێزدیی هەوڵدەدەن بچنە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان، بەڵام پەدەکە ڕێگرییان لێ دەکات و ناهێڵێت لە شەنگال دەربچن، مام ڕەڤۆیە لەوکاتەدا لە گوندی گرزەرەک-ی شەنگال سەرقاڵی کاری کشتوکاڵیی بووە، بڕیاردەدات بۆ پاراستنی گوندەکەی و بەرهەمەکانی، ڕۆژانە پاسەوانیی بکات، بەڵام چەکدارانی پەدەکە بەڵێنی پێ دەدەن کە ئەوان بپارێزن، بەوشێوەیەش ڕێگریی لێ دەکەن پاسەوانیی بگرێت.
ڕەڤۆ حاجی دەڵێت: ئێمە ئەوکاتە نەهاتینە لای یەک بۆ ئەوەی خۆمان ڕێکبخەین و پارێزگاریی لەخۆمان بکەین، ئەگەر بهاتینایەتە لای یەک، دەمانتوانی داعش تێکبشکێنین، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین بەرەنگاریی لە گردزەرک و سیبا شێخ خدر کرا.
دەشڵێت: ئەوکاتەی موسڵ کەوت، داعش بەردەوام خۆی لە شەنگال نزیک دەکردەوە، ئێمەش بەگوێرەی دەرفەتەکانی خۆمان ئامادەکارییمان کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش، ئەوانیش بۆ ساردکردنەوەی خەڵکی شەنگال لە ئامادەکارییەکان، چەند ڕۆژێک بێدەنگییان کرد، کاتژمێر ٠٢:٠٠ی بەرەبەیانی ٣ی ئاب لەپڕ هێرشیان کردە سەر گردزەرک، هەتاوەکو کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانیی شەڕمان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ هاوکارییەکی ئێمە نەکرا و چەکمان نەبوو، گوندەکەمان چۆڵکرد و چەندین کەسیش شەهیدبوون، دواتر ڕوومان لە چیای شەنگال کرد.
ئەو پیاوە تەمەن ٥٨ ساڵە ئێزدییە ناخۆشترین یادەوەرییەکانی خۆی لەو ڕۆژانەدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: چەندین ڕۆژ لە چیای شەنگال ماینەوە، چەند هێرشێکی داعشمان لە گوندی جدالێ تێکشکاند، دواتر کشاینەوە بەرەو دۆڵی کەرس، بەڵام چالاکییەکانمان هەر بەردەوامبوو دژی داعش، بەڵام بەهۆی ئەوەی خێزان و منداڵەکانمان تینوو و برسیی بوون، کاریگەریی لەسەر شەڕی ئێمە کرد بەرامبەر داعش، لە چیاکەدا کچێکمان بینی کە خنکابوو لە تینوێتییدا، ئەوە ئەو شتەبوو کە زۆرترین ئازاری منی دا لە ژیانمدا، تەنها ئەو کچە نەبوو، بەڵکو چەندین کەسی دیکە لە تینوێتیی و برسێتییدا گیانیان لەدەستدابوو.
کاتێک گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەگەنە چیای شەنگال، مام ڕەڤۆ دەچێت بۆلایان و وەک خۆی دەڵێت: دۆخی ژیانی ئێمە لەوکاتەدا زۆر خراپ بوو، بەڵام گەریلا هاتن بە هاوارمانەوە، بوونە هیوا بۆ ئێمە و توانیمان ئومێدێکی دیکە بە ژیان دروست بکەینەوە.
ئەو پیاوە ئێزدییە لە کۆتایی قسەکانیدا داوای گەڕانەوەی ئێزدییەکانی کرد بۆ سەر زێدی خۆیان و وتی: هەتا هەموومان لەسەر خاکی خۆمان نەبین، ناتوانین خۆمان ڕێکبخەین و ڕزگارببین لە فەرمان، کاتێک من لە چادرێدا بژیم، ئەمە واتای ئەوە نییە فەرمان کۆتایی هاتووە، هەتاوەکو ئێزدییەکان نەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، فەرمانیش بەردەوام دەبێت.
ب.ل