چیرۆکی چالاکییە گیانبازییەکەی سیروان ڕەئوف لە سلێمانی

دژی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان و پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات، ٢٠ ساڵ لەمەوبەر و لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی، سیروان ڕەئوفی هونەرمەند و پێشمەرگە، چالاکییەکی گیانبازی ئەنجامدا و دوای ١٠ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە شەهید بوو، لە بارەی چالاکیەکەشەوە ئەو گەنجە هونەرمەندە دەڵێت: حەزم دەکرد هەموو کوردێک و بەتایبەت کوردی باشور بێدەنگ نەبن و دژ بەو پیلانگێڕییە هەڵوێست وەربگرن.


سیروان ڕەئوف، لە ١٧ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە، لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، چالاکییەکی گیانبازی ئەنجامدا و شەهید بوو.

سیروان ڕەئوف کێیە؟

سیروان ڕەئوف، گەنجێکی پێشمەرگە و هەمانکات هونەرمەندی شاری سلێمانی بوو، لە ساڵی ١٩٦٣ لە گەڕەکی چوارباخ لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و هەژار لە دایکبووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای ئازادیی گەلەکەی لە فکر و ناخیدا گەشە دەکات، تا لە ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی بە حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان (حسک)ەوە دەکات و دەبێتە پێشمەرگە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٣ تا ١٩٨٤ دەستگیر دەکرێت و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد دەکرێت، لە دوای ئەوەش دێتەوە ناوشار و لە خەبات بەردەوام دەبێت.

 

لە پێشمەرگایەتیدا سێ جار گیراوە و بڕیاری گولەبارانکردنی دراوە

دوای گەڕانەوەی لە شاخەوە بۆ شار، دەزگا سیخوڕییەکانی بەعس پێی دەزانن و هەڵدەکوتنە سەر سیروان و دەستگیری دەکەن و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بێ سەروشوێنی دەکەن.

لە ماوەی کارکردن و خەباتی پێشمەرگایەتیدا سیروان، سێ جار دەستگیر کراوە تا کاتی گیانبەختکردنیشی شوێنەواری ئەشکەنجە بە لەشیەوە مابوو، جیاواز لەوەش لە ڕۆژی ٧/١/١٩٨٥ لە لایەن دەسەڵاتی بەعسەوە لە کەرکوک بڕیاری گولەبارانکردنی خۆی و چوار لە هاوڕێکانی دەدرێت، بەڵام ئەو بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت و هاوڕێکانیتری شەهید دەکرێن.

سیروان، گیانی تێکۆشان و بەرخۆدان بە بەردەوامی لە ناخیدا بوو، هەربۆیە چالاکانە بەشداری ڕاپەڕین و ئازادکردنی شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و زۆرێک لە  ناوچەکانی دەوروبەری دەکات .

سیروان و کاری فۆتۆگرافەریی

سیروان لە پاڵ خەباتی سیاسی، حەزێکی زۆری بۆ کاری فۆتۆگرافەری هەبوو و وەک چاودێرێکی دڵسۆز، ئەوینی شۆڕشگێڕایەتی ئاوێزانی دیمەنە جۆر بە جۆرەکانی ژیانی خەڵکی شارەکەی کردبوو، لەدوای ڕاپەڕینەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری فۆتۆگرافەریی دەکرد و چوار پێشانگای کردووەتەوە. 

سیروان چۆن چالاکییە گیانبازییەکەی ئەنجامدا؟

فراوانبوونی شۆڕشی باکوری کوردستان و تێکۆشانی ئۆجالان لە باکورەوە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، وایکرد تۆوی خۆشەویستی نیشتمان لە ناخی تاکەکانی کورددا بچێنێت، هەربۆیە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، ناڕەزایەتیی سەرتاسەری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە و چەندین گەنج گیانی خۆیان لەو پێناوەدا بەختکرد و پیلانگێڕییەکەیان شەرمەزار کرد.

یەکێک لەو گەنجانەش، سیروان ڕەئوف بوو، کە لە ڕۆژی ١٧ی شوبات لە لای باخی گشتی شاری سلێمانی چالاکییەکی گیانبازی ئەنجامدا، ئەوەش لە کاتێکدابوو، سیروان هیچ گرێدراوییەکی و نزیکبوونەوەی بە تەڤگەری پەکەکەوە نەبوو، بەڵام بە ئامانجی شەرمەزارکردنی ئەو پیلانگێڕییە ئەو چالاکییەی ئەنجامدا و دوای ١٠ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.

سیروان لە بارەی چالاکییەکەیەوە چۆن بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەیکرد؟

لەو ماوەیەی لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، چەندین ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنێک چاوپێکەوتن لەگەڵ سیروان ئەنجام دەدەن، ڕۆژنامەی وڵات یەکێک لەو ڕاگەیاندنانە بوو کە لە چاوپێکەوتێنێکدا بەمشێوەیە باسی لە چالاکییەکەی کردووە. "من وەک هونەرمەندێکی فۆتۆگرافی هەستێکی نەتەوەییم هەبوو و زۆر نیگەران بووم بە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی نەتەوەیی کورد، بۆیە حەز دەکەم هەموو کوردێکی هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت کوردی باشوری مەزن لە بەرامبەر ئەو زوڵمانەی کە دەکرێتە سەر کوردی باکوری کوردستان بێدەنگ نەبن و دژ بەو پیلانگێڕییەی عەبدوڵا ئۆجالان هەڵوێست وەرگرن و ڕیسوای بکەن".

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا سیروان، باسی لە دۆخی تەندروستی کردوە، کە بەرەو باشی دەچێت و دەڵێت: بەختەوەرترین کەسم کە کارێکی بەو شێوەیەم کردووە و وتبووی: ئەمە کەمترین کارە کە لەپێناو گەلەکەمدا کردوومە و بەوەش کاریگەر بووم، کە چۆن دەبێت سەرکردەیەکی کورد بە  بەرچاوی هەموو دونیا و لەلایەن موسادی ئیسراییلی و سیخوڕانی ئەمریکی و تورکییەوە بگیرێت و هەموو مافەکانی پێشێل بکرێت.

"شەهید سیروان پیلانگێڕیی دژی سەرۆک ئاپۆی پێ هەزم نەدەکرا"

دارا ڕەئوف، برای شەهید سیروان ڕەئوف، دەربارەی کاریگەری پەکەکە وتی: گەورەیی خوێندنگەی شۆڕشی پەکەکە لە باکوردا ئەوە بوو، کە گەنجانی لە هەر چوار پارچە کۆ کردەوە بە بێ جیاوازی شوێن و پێکهاتە، وە سەرنجڕاکێشتر لەوە، شەهید سیروان هیچ ئینتیمایەکی حزبیی نەبوو بۆ پەکەکە و لە کاتی پیلانگێڕیی دژی سەرۆک ئاپۆ و بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی لە تەلەفزیۆنەکاندا، پێی هەرس نەدەکرا و بۆیە تەنها ڕۆح و جەستەی شک دەبرد بۆ ئازادیی و پێشکەشی کرد.

ئەوەشی وت: بە ڕاستی جەور و ستەمی زۆرمان خوارد بە دەستی ڕژێمی بەعسەوە، ئەو سنوورە دەستکردانە چەندین شەهیدی وەک سیروان سڕییانەوە و وەک برای شەهیدێک داوای یەکێتی نەتەوەیی دەکەین.

"ئێستا پێویستمان بە یەکهەڵوێستیی هەیە و پێویستە هەموو کورد یەکدەنگ بین"

هەروەها جەزای ساز، یەکێک لە هاوڕێکانی شەهید سیروان، دەڵێت: ئێستا پێویستمان بە یەکهەڵوێستی هەیە و پێویستە هەموو کورد یەکدەنگ بین و ئەو چالاکییەش پەیامێکی یەکهەڵوێستیی هەبوو، شەهید سیروان کەسێکی بە هەڵوێست بوو، دروود بۆ گیانی پاکی، کە جەستەی خۆی کرد بە قوربانی خاک و وڵات.

چالاک سۆفی، شاعیر و یەکێکی دیکە لە هاوڕێکانی شەهید سیروان ڕەئوف، ئاماژەی بە کەسایەتی شەهید سیروان کرد و وتی: سیروان سەرسام بوو بە کەسایەتی ئۆجالان و بەردەوام باسی دەکرد و دەیوت دەبێت کارێک بکەم لە پێناویدا و هەڵوێستی خۆم دەربڕم، بەردەوام باسی دەکرد، ناخی ئەوەندە جوان بوو، کە گیانی خۆی لەپێناو ئۆجالان ببەخشێت.

وتیشی: ئەوەبوو گیانیشی هەر بەخت کرد، بە هۆکاری ئەوەی کە سەرۆکێکی پاکە و بەدەیان وڵات گەلەکۆمەکێیان لێکرد، دیاریش بوو، پەکەکە وەک کۆنەکان بریتی نییە لە شەخسێک، بەڵکو جەماوەرییە و خاوەن ئیرادەیە.

ک.ک