پشتیوان کەریم، دووەم کوڕی دایکێکە لە سێ ساڵدا لە سنووری خورماتوو دەکوژرێت، ئەوەش نیگەرانیی هەموو کوردانی ناوچەکەی لێکەوتەوە و ئیدارەی ناوچەکەش ڕایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە، بەڵام دەستگیرنەکراون و هۆکاری کوشتنەکەشیان ڕوون نەکردووەتەوە.
شەی ٥ی ئەم مانگە، مۆبایلەكەی پشتیوان زەنگ لێدەدات و دەبینێت هاوڕێكانێتی، پشتیوان وەڵام دەداتەوە و هاوڕێكانی پێی دەڵێن ئەمشەو ئەنجامی خولێكی دوو گۆڵی ئاشكرا دەكرێت، كە لە گەڕەكی حەی جەمیلەی تێكەڵ لەهەرسێ نەتەوەكە بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە بە شەوان هاتووچۆ لە نێوان گەڕەكە كوردیی و توركمانییەكان ئاسایی نییە و هاوڵاتیانی هەردوولا سەر لە ئێواران دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام پشتیوانی تەمەن ٢٧ ساڵ گوێ بەو مەترسیانە نادات و ڕوودەكاتە ئەو گەڕەكە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکیتر نەگەڕێتەوە ماڵ و گەڕەکەکەی.
پشتیوان پاسەوانی بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە خورماتوو، بەڵام لە دەرەوەی کارەکەی کوژرا.
کاتێک پشتیوان دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵی خۆیان، كە دەكەوێتە نێوان گەڕەكی ‘جەمیلە و كۆماری’، بە دووری ٣٠ مەتر لە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو، هەروەها بە دووریی ٤٠ مەتر لە خاڵێكی جێگیربوونی پۆلیس، لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە كە تا ئێستا ناسنامەكانیان ئاشكرا نییە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولـلە و دەكوژرێت.
دایکی پشتیوان سێ ساڵ پێش ئێستا کوڕێکی دیکەی لەسەر ڕێگای گشتی خوورماتوو – بەغدا بەدەستڕێژی كەسانی نەناسراو كوژراوە، بۆیە وێڕای ئازارەکانی بۆ پشتیوان، برینە کۆنەکەشی کولاوەتەوە.
لەیلا شەریف دایكی پشتیوانە، دەربارەی کوشتنی کوڕەکەی لە نەخۆشخانە ڕێگایان پێنەداون بە شێنەیی لەتەرمەكەی بڕوانن، هەر زوو ڕێكارەكانی پزیشكی دادییان “كۆتایی پێهێنا و داوایان لێكردین زوو تەرمەكە لە نەخۆشانەكە ببەینە دەرەوە”.

دایکی ئەوە دووپاتدەکاتەوە، کە کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە، ئاماژە بەوەش دەکات، کە پشتیوان پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هاوڕێ توركمانەكانیدا هەبووە لەو گەڕەكەدا کە کوژراوە، بەڵام كات و شوێنی ڕووداوەكە پرسیاری زۆری بۆ دروستکردوون.
مامۆستا فەرهاد برای پشتیوانە، ئەو بە گومانەوە دەڵێت: ئەو كاتەی براكەم كوژرا كامێراكانی چاودێری نزیك لە شوێنی ڕووداوەكە كوژێنراونەتەوە و ئەوەش ئێمەی خستووەتە گومانەوە!، ڕووداوەكەش بۆ ئێمە نامۆبوو، بە تایبەت لەدوای ڕووداوەكانی ساڵی ٢٠١٧ـەوە حاڵەتەكانی كوشتن و ڕفاندن زۆر كەمی كردبوو.

بە وتەی فەرهاد، کاتێک کە پشتیوان نەگەڕاوەتە ماڵەوە، ئەوان تەلەفۆنیان بۆ کردووە، بەڵام “پۆلیسێك بەم جۆرە وەڵامی داینەوە، كە ‘پشتیوان كوژراوە و تەرمەكەی لە نەخۆشخانەی خورماتووە’، دواتر بینیمان شوێنەواری سێ گولـلەی پێوە بوو”.
کوشتنی پشتیوان بێ کاردانەوە نەبوو، چونکە هەمووان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئاڵۆزی نێوان نەتەوەکان لەم شارۆچکەیە سەرهەڵبداتەوە، کە ئێستا لەلایەن کەسێکی سەر بە لایەنە تورکمانەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
بەشێك لە حزبە کوردییەکان و کەسایەتییە دیارەکان لە مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و نە یاداشتێكی ناڕەزاییەوە ڕوویان لە قائیمقامییەتی شارۆچکەکە کرد و دوای کۆبوونەوەیەک، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەڕێوەبرد.
مەلا هاوار عەباس نوێنەری لایەنە کوردییەکان و کەسایەتییەکان یاداشتەکەی خوێندەوە، تێیدا باسی لەوە کرابوو، کە دوای نەمانی هێزە کوردییەکان لە سنوورەکە “جۆرێك لە نائارامی درووستبووە”، داواشیان کرد تاوانباران دەستگیربكرێن و ڕادەستی دادگایەكی عادیلانە بكرێن.

لەو یاداشتەدا هۆشداریی ئەوەش درابوو، ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت لە پرۆسەی ئاشتی لە شارۆچکەکە دەكشێنەوە و ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانێكی بەرفراوان دەكەن.
لەبەرامبەردا حهسهن زهین ئهلعابدین قائیمقامی خوورماتوو، کە هاوکات سەرۆكی لێژنەی ئەمنییە، وتی شوێنی ڕووداوەكە هەستیارە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس لە تۆمەتبارانی ڕووداوەكە دەرکراوە و “ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە سەرقاڵی دەستگیرکردنیان بن”.

قائیمقام باسی لەوەشكرد، نایانەوێت ئاسایشی ناوچەکە بشێوێندرێت و کە لێکۆڵینەوەکانیان تەواوکرد، هەموو شتێک ئاشکرا دەکەن.
شارۆچکەی خورماتوو، یەکێکە لە شارۆچکە دابڕێندراوەکانی باشوری کوردستان و لە ڕووی ئیدارییەوە خراوەتە سەر پارێزگای سەلاحەدین، پێکهاتووە لە نەتەوەکانی ‘کورد، عەرەب و تورکمان’.
س.ح