چیرۆکەکانی تاوانی ئەنفال، "خوشک و برایەکم لە برسا مردن"

ئیسماعیل ساڵح، یەکێک لەو کەسانەی کە لە ئەنفالی ڕەشدا تەواوی خزم و کەسوکارەکەی ئەنفالکراون و گوندەکەشیان وێرانکراوە، خۆی لەگەڵ خانەوادەکەیدا ڕاپێچی نوگرەسەلمان کراون، لەوێ خوشک و برایەکی لە برسا مردوون و نیوەی خانەوادەکەشی لەناوچوون، ئەو دەدوێت و باس لە ئازارەکانی ئەو مێژووە ڕەشە دەکات.


قۆناغی سێیەمی ئەنفال، کە بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالی ڕەش ناسراوە و قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، ڕۆژی ٧ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، زنانە، قادر کەرەم، دوز، پێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ گوند و چوار شارەدێ وێرانبوون و دەیان هەزار ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە- یان لە دوای زیلە سەربازییەکانەوە بردە بیابانەکانی عەرعەر و زیندانەکانی دبس و نوگرەسەلمان و زیندەبەچاڵ-یان کردن.

 

لەنێو تۆزی بیابان و دەنگی ترسێنەری ڕەشەبای مەرگ، هەندێک مرۆڤ لە کۆتاییەکانی قۆناغەکەدا بە بڕیاری لێبردنی گشتی ڕزگاریان بووە و چیرۆکە ترسناکەکانی ئەنفالیان لەنێو سینەیاندا هەڵگرتووە بۆ ئەوەی بە گوێی مێژووی ڕەشی داگیرکارییدا بیچرپێنن.

یەکێک لە ڕزگاربووانی ئەفال ئیسماعیل ساڵح-ە، کە ئەوکات تەمەنی تەنها شەش ساڵ بووە، ئەو جگە لەوەی کە تەواوی کەسوکارەکەی ئەنفال کراون و گوندەکەیان وێرانکراوە، خۆی و ١١ئەندامی خانەوادەکەی ڕاپێچی بیابانەکانی عەرعەر و زیندانی نوگرەسەلمان کراون و لەوێ خوشکێک و برایەکی لە برسا مردوون، زیاتر لە شەش مانگ لەژێر زوڵم و ستەم و ئەشکەنجەی بەعسدا لە زیندان ماونەتەوە و دوای دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی تەنها خۆی و دایکی و خوشکێکی ڕزگاریان بووە و گەڕاونەتەوە.

ئەو پێ بەپێ هەموو ئەو دیمەن و ساتانەی کە بەچاوی خۆی دیویەتی و تیایدا ژییاوە بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە، ئیسماعیل گێڕانەوەکەی لە ساتی یەکەمەوە دەستپێکرد و لە گوندەکەی خۆیانەوە دەستیکرد بە گێڕانەوە و وتی: ئێمە پێش ئەنفال لە گوندی خۆمان لە قەڵا چەرمەڵە لە ناوچەی داودە، خەریکی کشتوکاڵ و درەو و داس و ئاژەڵداریبووین و ژیانێکی سادە و بێ کێشەمان هەبوو، واتا 'فەقیری ماڵی خۆمان بووین'، لەپڕ ئەنفال دەستیپێکرد، ئێمەش بۆ ئەوەی ڕادەست نەبین ڕامانکرد بۆ سەر بەرزاییەکانی مازۆخ لەسەر ئاوەسپی خۆمان شاردەوە، ئەوەندەی پێنەچوو جاش و سەربازێکی زۆر بە چەمەکەدا هاتن و فڕۆکەیەکیش حازربوو.

ئەوان بە فرؤکە لە گوندەکەیان بردراون، "کاتێک ڕامانکرد باوکم شوانبوو ئاژەڵەکانی بردبووە دەرەوە بۆ لەوەڕاندن، دواتر کە گەڕابووە و دۆخەکەی بینی بوو، ئەویش خۆی گەیاندە ئێمە و ئاژەڵەکانی بەجێهێشت، عەسکەرەکان 'سەربازەکان' هاتن ئێمەیان قۆڵبەستکرد و دواتریش باوکم و لە فڕۆکەکە سەریان خستین، بیرمە شۆفێری فڕۆکەکە کاوڕێکی دانی قەڵەوی باشی دزی بوو بەستبووی بە کۆشینەکەی خۆیەوە، بە فڕۆکەکە براینە دووزخورماتوو".

"لە خورماتوو خراینە ناو مەنشەئیەوە (پاسی گەورە) بۆ ڕاگوێزکردنمان بۆ تکریت، لەو کاتەدا خەڵکی دووز عەبای ژنانیان هێنابوو هەندێک لە خەڵکەکە لە پاسەکە خۆی دەخستە خوارەوە و عەباکەیان بەسەریدا دەدا و ڕزگاریان دەکرد، دواتر زابتەکە 'ئەفسەرەکە' هاتوو میلی چەکەکەی ڕاکێشا وتی ئەوەی بچێتە خوارەوە دەیکوژم، ئیتر نەمانتوانی تا براینە تکریت و لەوێشەوە بۆ زیندانی نوگرەسەلمان"

ئیسماعیل باس لە دڕندەیی ڕژێم لە نوگرەسەلمان دەکات و دەڵێت "نوگرەسەلمان کارەساتبوو، کەسێک نەچووبێتە ناوی نازانێ چەند زەحمەتە، ئاوەکەی ژەهراویبوو، خواردنیش نەبوو، هەر سەرەتا پیاوێک لە برسا کەوتە گیانەڵا، عەسکەرەکانیش هاتن بردیانە پێش خۆرەکەوە تا گیانی سپارد، دواتر خەڵکەکە تەرمەکەیان برد فڕێیاندا و تۆزێک و خۆڵ و بەردیان کرد بەسەریدا، چوونکە ڕێگەیان بە گۆڕ دروستکردن نەدەدا، سەرپەرشتیاری زیندانەکە ئەفسەرێک بوو بەناوی حەجاج، زۆر دڕندەبوو، هەموو ڕۆژێک بە قامچی و لێدان ئەکەوتە ناومان".

ئیسماعیل-ی شەش ساڵانی ناو گرتووخانەی نوگرەسەلمان وەها درێژە بە گێڕانەوە چیرۆکی بە ئازاری ئەنفال دەدات "لە نوگرەسەلمان خوشک و برایەکی شیرەخۆرەم لە برسا مردن، چوونکە خواردن تەنها سەبوونێکی ڕەقیان دەدا پێمان، هەر لە پاڵ زیندانەکەدا تەرمەکان مان داناو کەمێک لممان دا بەسەریاندا، کەس بەتەمای ڕزگاربوون نەبوو لەو زیندانە، هەموومان نەخۆش و برسی و تینو بووین جگە لە ئەشکەنجە و لێدان".

ئیسماعیل کۆتایی گێڕانەوە پڕ ئازارەکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ لە زیندانی نوگرەسەلمان لە ژێر ئازار و سوکایەتی و ئەشکەنجە و زوڵمێکی زۆر و کوشتنی دەیان هەزار کەسدا، بەدەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی خۆم و دایکم و خوشکەکەم ڕزگارمانبوو، دواتر زیلەکان هاتن و کۆمەڵ کۆمەڵ بارکراین و هێنراینەوە بۆ شارەدێی ڕزگاری کە ئەوکات ئۆردوگا بوو، ئێمە کەوتینە کۆتا قافڵەوە".

ئەنفال ئەگەرچی ٣١ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش دەتوانین بڵێین، کە ئەنفال دژی گەلانی کوردستان بەردەوامە، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان، ئەویش لەژێر ناو و هەڵمەتی جیاوازیی داگیرکەراندا، بۆ نمونە، ئێستاش هەزاران کەس بەشێوازێک لە شێوازەکان لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە لە شاری عەفرین ئەنفال کراون، بەردەوام چیرۆکە تراژییەکانی ئەوانیش دەبیستین، کە لە داهاتوودا بۆ مێژوو زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

س.ح