سێشەممە, 26 يون 2018 – 08:56 ڕۆژنیوز – كەركوك
شەوی ڕابردوو چەتەكانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندی عەلی سەرا سەربە شارۆچكەی داقوق لە پارێزگای كەركوك، لە هێرشەكەدا هاوڵاتییەك شەهید بوو، سێ كەسیش بریندار بوون، كە ژنێك و منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ و دراوسێیەكی شەهیدەكەیە.
شایەتحاڵێك لە گوندی عەلی سەرای سەربە شارۆچكەی داقوق باسی لەوە كرد، كاتژمێر ١٠:٣٠ی شەوی ڕابردوو، هەشت ماتۆڕسكیل بە چەكدارەوە كە ڕیشیان درێژ بووە و ئاڵای ڕەش و لۆگۆی چەتەكانی داعش بە ناو چاوانیانەوە بووە، هێرشیان كردوەتەسەر گوندی عەلی سەرا، كە گوندێكی كاكەییەكانە، دانیشتوانی گوندەكەش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و پێكدادان ڕوویداوە.
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: لە ئەنجامی شەڕەكەدا هاوڵاتیەك بە ناوی (كازم حاجی حسێن) شەهید بووە و كچێكی چوار ساڵانیشی بریندار بووە و ژنێكیش بریندار بووە، هەروەها دراوسێیەكی شەهیدەكەش فیشەكی بەركەوتوە و بریندار بووە.
هەر دوێنێ شەو چەتەكانی داعش هێرشیان كردەسەر گوندی (دەگشمان)ی بچوكی سەربە شارەدێی (تازە)ی شارۆچكەی داقوق و بەو هۆیەوە شەڕ لەنێوان چەتەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبی درووست بووە، بەڵام هیچ زیانێك تۆمار نەكراوە.
ك.ك/هـ