لەهێرشێکی چەتەکانی داعشدا بۆ سەر سوپای عێراق، سەربازێک کوژرا و چواری دیکەش برینداربوون.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، لە گوندی زەنجیله لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین،بەهۆی هێرشی داعشەوە پێنج سەربازی سوپای عێراق لە سریەی سێی فەوجی سێی لیوای ٥۲ بوونە قوربانی .
عەمد حسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بە ڕۆژنیوزی وت: سەرەتا چەتەکانی داعش بە چەکی قەناس و بیکەیسی هێرشیان کردووە و ڕووبەڕووبونەوە دروست بووە لە نێوان هەردوولا، دواتر هێزێکی سوپای عێراق چونەتە فریای ئەو هێزەی لە شەڕدابووە و لە ڕێگادا بۆمبێکی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە.
لە کۆی ئەو ئاڵۆزیی و تەقینەوەدا، سەربازێک کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆش لە سنووری کەرکوک و لەبازگەیەکی سوپای عێراق، تەقییەوەیەکی خۆکوژی ڕوودا، بەپێی ڕاگەیاندنی شانەی ئەمنی عێراق، لە ئەنجامیدا ژنێک کوژراو سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

س. ح