چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر ڕژێم و ٢٩ کوژراوی لێکەوتەوە

چەتەکانی داعش لە ناوچەی سخن هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی ڕژێمی سوریا و ٢٩ کەس لە هەردوولا کوژراون.


ئەمڕۆ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە دوابەدوای هێرشێکی چەتەکانی داعش لە ناوچەی سخن لە پێدەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی حومس، بۆسەر خاڵێکی هێزەکانی ڕژێمی سوریا، پێکدادان لەنێوان هەردوولا ڕوویداوە.

بەپێی زانیاری ڕوانگەکە، لەو پێکدادانەی نێوان هێزەکانی ڕژێمی سوریا و چەتەکانی داعش لە پێدەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی حومس، ٢٩ کەس لە هەردوولا کوژراون، کە ١٨ـیان لە هێزەکانی ڕژێمن و ١١ـشیان چەتەی داعشن.

ڕوانگەکە ڕاشیگەیاند؛ دوابەدوای پێکدادانەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕوسیا دەستێوەردانی دۆخەکەیان کردووە و جگە لە چەتەکان، ناوچەکانی ئەو دەروبەرەشیان بۆردوومان کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەکان لە سوریاوە ئاماژەیان بەوەداوە کە هاوکات سوپای داگیرکەری تورک، سەرەڕای ئاگربەست لە ئیدلب، بە هێنانی چەتە و چەک بۆ ئەو ناوچەیە ئامادەکاریی شەڕ دەکات.

ک.س