ژمارەیەک لەو کەسانەی لە بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێراندا لە هەرێمی کوردستان برینداربوون، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەردانی بەغدا دەکەن و دۆسیەکانیان بگەیەننە بەرپرسانی عێراق.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی، “ئێوارەی ئەمڕۆ نۆ هاوڵاتی مەدەنی كە ڕزگاربووی بۆردوومانە سنووربەزێنەكانی دەوڵەتی توركیا و ئێرانن، بە گەشتێك دەچنە بەغدا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و چەند بەرپرسێكی حكومی”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تیمێکی ڕێکخراوی سی پی تی یاوەریی ئەو خانەوادانە دەكات بۆ بەغدا و دیدارەکانیشیان لەلایەن هاوپەیمانییەكی خۆڕسكی عێراقیی لە ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕێکخراوە، كە بەشێكن لە كەمپینی ”كۆتایی بە بۆردوومانە سنوورییەكان بهێنن”.
بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی، کە کار لەسەر قوربانییانی مەدەنیی لە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکات، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢١ ١٢٣ هاوڵاتی لە بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوون، هەروەک ١٦١ کەسیش برینداربوون.
ب.ل