سێشەممە, 3 يول 2018 – 09:18 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
حسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ڕامین حسێن پەناهی لە لێدوانێکدا بۆ کەمپەینی بەرگریی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی، باسی لە دوایین دۆخی تەندروستی ڕامین و هەروەها مەترسییەکانی لەسێدارەدانی دەکات.
ئەحمەدی نیاز ڕایگەیاندووە: گورچیلەی چەپی ڕامین ئیلتهابی کردووە و ئازاری زۆری هەیە، داوام کرد کە پزیشکێک بیبینێت، ئەوە ئەنجامدرا و ڕاپۆرتێک لەبارەی دۆخی ناجێگیریی تەندروستییەوە ئامادەکرا، بەپێی ئەو ڕاپۆرتە داواکارییەکم ئاراستەی دادگا کرد، بۆ ئەوەی ڕامین ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان بکرێت، بۆ ئەوەی چارەسەریی پزیشکیی بۆ ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەوە ڕووینەداوە تا ئێستا، ئازاری گورچیلەی و ئیلتیهابەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قورستر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: ڕامین ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی دیدار لەگەڵی قەدەغەکراوە، شەڕخوازەکان و توندوتیژیخوازەکان نەبوونی ئاسایشیان لە پارێزگاکانی کوردستان کردووە بە دوکان و بازرگانی پێوەدەکەن و دەیانەوێت بیکەنە بەهانە بۆ لەسێدارەدانی ڕامین، ئەوەش مەترسییەکان بۆ لە سێدارەدانی ڕامینی زیاترکردووە، بۆیە پێویستە ئاشتیخوازان هەوڵەکانیان بۆ دژایەتی سزای سێدارە و هەروەها لابردنی سزای ڕامین زیاتربکەن.
لەکۆتاییشدا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆمە و بەپێی ویژدانم، هەموو هەوڵەکانم دەخەمە گەڕ بۆ بەرگریکردن لە ڕامین حسێن پەناهی.
ب.ل