ڕانیە بۆ دیار غەریب مۆمی داگیرساند

لەناو باخی گشتی شارۆچكەی ڕانیە مەراسیمێك بۆ شەهید دیار غەریب بەڕێوەچوو، ئامادەبووان وەك وەفاو دڵسۆزی بۆ شەهید دیار 46 مۆمیان داگیرساند.


ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێك لە چالاكوانان، رۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و خەڵكی وڵاتپارێزی ڕانیە لەناو باخی گشتی شارۆچكەكە، مەراسیمێكیان ڕێكخست و وەك وەفا و دڵسۆزی و هاوخەمی بۆ شەهید دیار غەریب ٤٦ مۆمیان داگیرساند.

دوای وەستانی خولەكێك ڕێزگرتن بۆ گیانی پاكی شەهیدان، چالاكوانی مەدەنی شۆڕش محەمەد قسەی كرد و ڕایگەیاند: هەڤاڵ هەڵمەت سەركردە و ڕۆژنامەنووس و وڵاتپارێز و پێشڕەوی گەل و وڵات بوو، هیچ پارەیەكی لە گیرفاندا نەبوو، نە پەرلەمانتار و نە سەرۆكی حكومەت بوو، نە ڤێلا و شوقە و ماڵ و منداڵی هەبوو هەموو ژیانی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و ئازادی گەلی كورد بوو، بەڵام بەهۆی خیانەت و لە لایەن فڕۆكە فاشیستەكانی توركیاوە شەهید كرا، ئەمرۆ لە چیاكانی قەندیلەوە بە هەزاران دیار غەریب و هاوڕێبازانی هەڤاڵ هەڵمەت درێژە بە خەبات دەدەن، با خۆفرۆشان باش بزانن مێژوو رەحم بە كەس ناكات و ئەوانەی خیانەت دەكەن دەچنە زبڵدانی مێژووەوە.

دواتر سەید خالید ژیاننامەی دیار غەریبی خوێندەوە.

لە كۆتایدا بە چەند شیعر و هەڵبەستێك لە لایەن ئامادەبووانەوە و داگیرساندنی ٤٦ مۆم وەك وەفایەك بۆ گیانی پاكی شەهیدی سەركردە دیار غەریب داگیرسێندرا و لە كۆتایدا بە دروشمی شەهید نامرن كۆتایی بە یادەكە هات.


د.ح